رووداو دیجیتاڵ
لە شاری کرماشان، بارینی باران بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاو لەسەر شەقام و کۆڵانەکان، هەروەها ئاو چووە نێو 21 ماڵی شارەکە.
بارینی بارانی بەخوڕ لە شاری کرماشان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو بەتایبەتی لە چەند گەڕەکێکی شارەکە و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتیان دروستکردووە.
بەپێی زانیارییەکان، لە چەندین گەڕەکی شاری کرماشان وەک ئیلاهیە، دادگوستەری و دەولەت ئاوا، ئاو چووەتە نێو ژمارەیەک ماڵ و دووکانی هاونیشتمانیان.
غولامڕەزا رەزایی، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاگرکوژێنەوە و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی کرماشان ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای هاتنی شەپۆلە نوێیەکەی بارینەوە و بەهۆی بارانی بەردەوام لە شاری کرماشان، لە چەندین شەقام و گەڕەکی شار ئاو کۆبووەتەوە و ئاو چووەتە نێو 21 ماڵ و زیانی مادی لێکەوتەوە
رەزایی گوتی، هەر بەهۆی ئاوی بارانەوە 35 ئۆتۆمبێل گیریان خوارد کە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و رێگەوبانەوە رزگار کران.
کەشناسیی پارێزگای کرماشان هۆشداری رەنگی سووری راگەیاندووە و دەڵێت، کاریگەری شەپۆلە نوێیەکە تاوەکو رۆژی شەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت و ئەگەری هەیە لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگا لە نێوان 50 تاوەکو 90 ملیمەتر باران ببارێت.
برومەند نامداری، جێگری سەرۆکی شارەوانیی کرماشان بۆ کاروباری خزمەتگوزارییە شارییەکانیش، ئەمڕۆ رایگەیاند، بەهۆی هۆشدارییەکەی رێکخراوی کەشناسی و بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دۆخێکی لەناکاو، 650 کارمەندی شارەوانی و بەرگریی شارستانیی کرماشان لە ئامادەباشیدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ