رووداو دیجیتاڵ
بارینی بەفر و دابەزینی پلەی گەرما لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاستەنگی بۆ هاتووچۆ دروستکردووە و لە هەندێک شوێن قوتابخانەکان داخراون.
لە پێنجشەممەی رابردووەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران، سبەی یەکشەممە، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای ئێران دەگرێتەوە.
لە سنە، ورمێ و لوڕستان زیاتر لە شوێنەکانی دیکە بەفر باریوە و بەهۆیەوە رێگەی بەشێک لە گوندەکان داخراون.
ئەمڕۆ شەممە، رێکخراوی کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکە بەفر باریوە و بەو هۆیەوە رێگەی 24 گوند داخراون.
ئەرسەلان شوکری، بەڕێوەبەری رێگەوبانی پاریزگای ورمێ رایگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر ئاستەنگی هاتووچۆ لە زۆربەی ناوچەکان درووستبووە.هەروەها لە 24 کاژێری رابردوودا 800 کیلۆمەتر رێگەوبانیان پاککردووەتەوە.
شوکری ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵی کردنەوەی رێگەی ئەو 24 گوندە دەدەن کە بەهۆی بەفربارینەوە داخراون. گوتیشی لە 24 کاژێردا 80 ئۆتۆمبێل کە لەسەر رێگاکان لە نێو بەفردا چەقیبوون دەرهێندراون.
لە دوو رۆژی رابردوودا لە چەندین شار و ناوچەی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەفر باریوە و پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
فەرزاد حەسەنی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی سنە رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە لە پارێزگاکە دوو هەزار کیلۆمەتر لە پارێزگاکە لەلایەن تیمەکانی فریاگوزاری لە بەفر پاککراونەتەوە و 440 ئۆتۆمبێلیش لە نێو بەفر دەرهێندراون.
هەروەها لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە بەفر باریوە و لە زۆربەی رێگەکانی وەکو سنە - دیواندەرە، مەریوان - سنە، سنە - کامیاران و سەوڵاوا - هەورامان تەمومژێکی چڕ هەیە و لە بەشێک لە ناوچەکانیش شوفێران ناچارن زنجیری تایە بەکاربێنن.
کەشناسی پارێزگاکە داوا لە خەڵک دەکات بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت روو لە دەرەوەی شارەکان نەکەن.
لوڕستان
لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆری بەفر بەشێک لە رێگەکانی داخستووە.
عارف ئامەرایی، بەڕێوەبەری رێگەوبانی لوڕستان دەڵێت، لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگاکە بەهۆی بەفربارینەوە، تەمومژێکی چڕ هەیە و لە بەشێک لە ناوچەکانیش شوفێران ناچارن زنجیری تایە بەکاربێنن.
ئامەرایی دەلێت، لە بەشێکی پارێزگاکە باران دەبارێت و پلەی گەرما دابەزیوە.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی لوڕستان ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان هەوڵدەدەن ئەو رێگایانە پاکبکەنەوە کە بەهۆی بارینی بەفرەوە ئاستەنگیان بۆ دروستبووە.
ئیلام
کەشناسی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، سەرما و بەستەڵەک پارێزگاکەی گرتووەتەوە و تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.
سیروس نادری، بەڕێوەبەری کەشناسی پارێزگای ئیلام دەڵێت، ئەو سەرمایەی رووی لە پارێزگاکە کردووە زیانی زۆر بە کشتوکاڵی ناوچەکە دەگەیێنێت.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوشکرد، تاوەکو رۆژی دووشەممە، پلەی گەرما دەگاتە پێنج پلە ژێر سفر. داوایشی لە خەڵک کرد بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە و دەست بە بەکارهێنانی غازەوە بگرن.
کرماشان
کەشناسیی پارێزگای کرماشان دەڵێت، شەپۆلێکی سەرما و بای بەهێز رووی لە پارێزگاکە کردووە و تاوەکو رۆژی سێشەمە بەردەوامدەبێت. پلەی گەرما لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکە بۆ شەش پلە ژێر سفر دادەبەزێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ