پارتی گەلی تورکمانی: لە کەرکووک، دیالە و نەینەوا دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەین

14-12-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی دەڵێت، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، دیالە و نەینەوا دەنگ بە لیستی 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''رۆڵی سەرۆک بارزانی لەبیرناکەین کە بەردەوام پاڵپشتیی نەتەوەی تورکمانی کردووە".
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، ''لە کەرکووک بە لیستی 197ـی پارتی بەشداریمان لە هەڵبژاردن کردووە و بەربژێرێکیشمان لە لیستەکەدا هەیە".
 
عیرفان کەرکووکی هۆکاری دەنگدانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی لە هەڵبژاردن بە لیستی پارتی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە پارتی "رۆڵی برایەتی، پێکەوەژیان و ئاشتی دەگێڕێت؛ بۆیە ئێمە هیچ کات رۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی لە پاڵپشتیکردنی نەتەوەی تورکمان لە سەرانسەری عێراق و ناوچەکە لەبیرناکەین".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە. کورد بە پێنج لیستی جیا لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدارە؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167.
 
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی ئاماژەی بەوەشکرد، داوایان لە ئەندام و لایەنگرانیان کردووە لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالەش دەنگ بە لیستی پارتی بدەن و بە لیستی ''هەموو نەتەوە و ئایینزاکان'' ناوی برد.
 
پارتی بە 52 بەربژێر بە لیستی ژمارە 197 بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکات. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە 52 بەربژێر بەناوی هاوپەیمانیی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا بە ژمارە 134؛ پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 بەشداری هەڵبژاردنەکە لەو پارێزگایە دەکەن.
 
لە دیالەش پارتی بە 15 بەربژێر بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات. 
 
رۆژی شەممە 16-12-2023 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت و رۆژی دووشەممە 18-12-2023ش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت. بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە