رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. سەرۆکی کۆمیسیۆن رایگەیاند، سەرۆکایەتییەکان پشتیوانی خۆیانیان بۆ دووپاتکردوونەتەوە.
شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن، لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، کە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرا، هەریەک لە عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن و دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد.
دڵشاد شەهاب گوتی، "بەناوی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ بەڕێوەچوونی هەنگاوەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دووپاتکردەوە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی: هەندێک خاڵ هەبوون، شیاوی گفتوگۆ و پرسیارکردن بوون لای سەرۆکایەتییەکانی حکومەت و هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا شاندەکەی کۆمیسیۆن وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە و روونکردنەوەی پێویستی پێداون.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن پشتیوانیی سەرجەم هەنگاوەکانی کۆمیسیۆن دەکەن بۆ رەخساندنی "هەلی یەکسان بۆ تەواوی لایەنە سیاسییەکان، بەربژێرەکان و دەنگدەران."
دادوەر عومەر ئەحمەد لە کۆنفراسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، "کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا. باسی ئەم هەفتەیەمان کرد کە پڕبوو لە چالاکیی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. پێمان گوتن، ئامادەکاریی تەواو بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو کراوە."
سەرۆکی کۆمیسیۆن گوتی، هاونیشتمانیان، لایەنە سیاسییەکان و بەربژێران دڵنیا دەکەنەوە، بەو پەڕی شەفافی و بێلایەنانە، ئەم پڕۆسە گەورەیە لە رۆژی 20ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ ئەنجام دەدات.
دادوەر عومەر ئەحمەد گوتیشی، "هەڵبژاردن لە ئاستی چاوەڕوانیی هەموو لایەکدا دەبێت، پاک و بێگەرد بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەش سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەت ئامادەییان دەربڕی بۆ هەر پێداویستییەک هەمان بێت و هەر ئاڵنگارییەک رووبەڕوومان بێتەوە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە پەیامنێری رووداوی گوت، "هەنگاوەکان بەڕێکی بەڕێوەدەچن و چاوەڕوان دەکرێت هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بێت و بەگوێرەی پێوەرەکان بێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆنیش گوتی، "لیژنەی ناوەندی پێکهێندراوە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. لیژنەکە هەفتەیەکە لە هەولێرن و بەگوێرەی پێویست لە هەولێر دەمێننەوە و سەردانی پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆکیش دەکەن."
دادوەر عومەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کۆنسووڵ و دیپلۆماتکارانی وڵاتان لە رێگەی جیاوە چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. گوتیشی "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسایشی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات."
تاوەکو ئێستا وەکو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، دوو جار ئامێرەکانی دەنگدان تاقیکراونەتەوە. سەرۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت، "هەردوو جارەکە 100% سەرکەوتوو بوون."
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا دڵشاد شەهاب گوتی، "سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە خاڵی بەیەکگەیشتنی سەرجەم لایەنەکان بێت و هەنگاوی کرداریی ناوە، تاوەکو ئێستا سەرباری ئەوەی ناکۆکی لەسەر هەندێک پرس هەبووبێت، شوێنێک هەر ماوە کە سەرجەم لایەنەکان تێیدا بە یەک دەگەن، ئەویش؛ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و لەسەر ئەو رێچکەیەش بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ