رووداو دیجیتاڵ
کەمئاو لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بەردەوامە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، پارە بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ لە 18 ملیارەوە کراوە بە 54 ملیار و بە تەواوبوونی، کێشەی ئاویان نامێنێت.
زیاد جاندار، بەڕێوەبەری ئاوی چەمچەماڵ ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا نزیکەی هەشت رۆژ جارێک ئاوی خاوێن دەدرێتە ماڵان."
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی چەمچەماڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ-گۆپتەپە. 26-06-2024 نووسراوی کارکردن لە پڕۆژەکە درایە کۆمپانیای جێبەجێکار و لە 30ـی حوزەیرانەوە کار لە پڕۆژەکەدا دەکات.
هەر ئەمڕۆ رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا سەردانی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ-گۆپتەپەیان کردووە و هەموو کارەکان بەگوێرەی پلان بەڕێوەدەچن.
پڕۆژەکە بڕیارە لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو ببێت. قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، پارەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە سەرەتا 18 ملیار دینار بووە، ئێستا زیادکراوە بۆ 54 ملیار دینار.
زیاتر لە 10 ساڵە قەزای چەمچەماڵ و بەشێک لە ناحیەکانی کێشەی کەمیی ئاویان هەیە. رەمک رەمەزان گوتی، "بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، کێشەکە کۆتایی دێت".
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەم ساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما کێشەی کەمیی ئاو لە سنووری چەمچەماڵ سەریهەڵدا.
12ـی حوزەیران قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی تەکیە و شۆڕش کە دانیشتووانەکەیان دەگاتە 200 هەزار کەس، 12 رۆژە ئاوی خواردنەوە نەدراوە و ئاو نییە، ئەوەش مەترسیی قەیرانی مرۆیی دروستکردووە."
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 12ـی نیسانی 2022 فەرمانی دەرکرد بە خەرجکردنی 70 ملیۆن دۆلار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، بەڵام جێبەجێ نەکرا.
سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە لە 24 کاژێردا 60 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێویستە، ئێستا بە هاوبەشی لەگەڵ قەزای بازیان 30 هەزار مەتر سێجا ئاویان پێ دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی گەڕەکەکان بە تانکەر ئاویان پێدەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ