رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە سلێمانی و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا.
دواتر سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران قسەی بۆ پەیامنێران کرد و رایگەیاند، ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەکی لە شارەکە دەبێت.
باقری گوتی، "ئەمڕۆ لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی باشمان کرد. هەر ئەمڕۆ لە سلێمانی لەگەڵ بەشێکی دیکە لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەین."
سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران زۆر سوپاسی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کرد کە بۆ کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتەکە هاوخەمیان بوون. گوتیشی، "هاتووین جارێکی دیکە جەخت بکەینەوە لەسەر قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و ئێران و هەرێمی کوردستان."
عەلی باقری باسی لەوەش کرد، هاتووە بۆ جەختکردنەوە لەسەر پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
هەر ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024 عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە شاری هەولێر و بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و عەلی باقری رایگەیاند، "بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی و کولتووریدا کرایەوە."
دوای کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش؛ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەردوولا جهختیان له گرنگیی پهیوهندییهكانی ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمی كوردستان لهسهر بنهمای دراوسێیهتیی باش و بهرژهوهندیی هاوبهش كردهوه، ههروهها خواستی دوولایهنهیان بۆ برهوپێدانیان بهتایبهتی له بواری ئابووری و بازرگانی نیشان دا.
ئەمە دووەم جارە عەلی باقری سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. یەکەم جار 13 ساڵ لەمەوبەر بوو. عەلی باقری لەوبارەوە ئەمڕۆ گوتی، "دوای ئەم 13 ساڵە، گەشەکردنێکی زیاترم [لە هەرێمی کوردستان] بینی و بێگومان ئەمڕۆ بە هیوای داهاتوویەکی روونتری پەیوەندییەکانمان هەرێمی کوردستان جێدەهێڵم، داهاتوویەکی درەوشاوە بۆ هاوکاریی دوولایەنە چاوەڕوانی ئێمە دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ