چیرۆکی کوشتنی گەنجێک لە هەولێر؛ "برایەک ماتۆڕەکەی لێخوڕیوە و براکەی دیکە بە چەقۆ لێیداوە"

15-06-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
.
.
نیشانەکردن کوشتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕەکی 94ـی باداوەی هەولێر، کوڕێک بە چەقۆ دراوسێیەکی خۆی کوشت. کوژراوەکە ناوی حەسەن خەلیلە، تەمەنی 21 ساڵ بوو و لە کارگەیەکی ئەلەمینیۆم کاری دەکرد. هیشتا بە فەرمی نەگوتراوە؛ بکوژ بۆچی کوشتوویەتی، بەڵام قسە هەیە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووبێت. سێ کەس لەسەر ئەم رووداوە دەستگیرکراون و ماڵی "بکوژ"، کە دیواریان لەگەڵ ماڵی کوژراو یەکە، هەڵاتوون.
 
پرسەی حەسەن لە گوندی پیرچاوش لە قەزای بەردەڕەش دانرا، حەسەن شەوی پێشووتر بە چەقۆ لەلایەن هاوڕێکانییەوە لە هەولێر کوژرا. ئەو کەسانەی هێرشیان کردووەتە سەر حەسەن، دوو بران، بەهانەی کوشتنەکەش وەک گوتوویانە، کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە.
 
ئەحمەد سدیق، ئامۆزای کوژراوەکە دەڵێ "خۆیان نیازیان لەگەڵی خراپ بووە، چونکە کە بانگیان کردووە بیبەنە دەرەوە، چەقۆیان پێبووە و یەکسەر چەقۆیان لێ داوە. هیچ کێشە و گرفتیان لەگەڵ یەکدی نەبووە و کوڕەش کێشەی نەبووە، ئەگەر شتێکی وا هەبووایە و بە ئێمەیان گەیاندبا، پێشوەختە دەمانگوت دیارە کێشەیەک لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام هیچ کێشەیان نەبووە، بۆیە داواکارین لە حکومەت بەتووندی لەگەڵیان بکات، چونکە ئێمە جەرگمان سووتاوە".
 
رووداوەکە کاژێر 10:30ـی شەو لە گەڕەکی 94ـی باداوە لە هەولێر روویداوە، دوای رووداوەکەش "بکوژ" و براکەی خۆیان بردوویانەتە نەخۆشخانە و لەوێش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
 
حەمەد غەفوور، هاوڕێی حەسەنە و لەکاتی هێرشەکەدا لەگەڵی بووە، بەوشێوەیە باسی رووداوەکە دەکات "باوکی تەلەفۆنی بۆ حەسەن کرد و گوتی وەرە، ئەو کوڕانە هاتوونەتە بەردەرگا و داوای تۆیان کردووە، حەسەن گوتی باشە وا دێمەوە، هەستاین لە دووکانەکەوە و بەڕێکەوتین و کەمێک رێمانکرد، لە نزیکمانەوە ماتۆڕسکیلێک رایگرت، دوو کەسی لەسەر بوو، یەکێکیان لێیدەخوڕی و لەپشتەوەش بکوژەکە بوو، بکوژەکە لە پشتەوە خۆی لەسەر ماتۆڕەکە فڕێدا و حەسەن لەلای شەقامەکە بوو، بکوژەکە چەقۆیەکی لە سنگی دا و ویستیی دووەمی لێبدات، بەڵام گرتمان".
 
ماڵی بکوژ و کوژراو، دراوسێن، دوای رووداوەکە، دەرگایان داخستووە و لە ماڵەکە هەڵاتوون، پۆلیس دەڵێ پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. تەرمی حەسەن لە گوندی پیرچاوش کە زێدی خۆیەتی، نێژرا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە