رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێو شاری هەولێر، سێ کەس گیانیان لەدەستدا، کە دوو کوڕی گەنج و ئافرەتێکن.
رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە نزیک کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو لەسەر شەقامی هەولێر – کۆیە و نزیک بەرزەپردی بەردەم نەخۆشخانەی رزگاری روویداوە.
لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکاندا دوو گەنج بە ناوەکانی زانا بۆردوومان، تەمەن 26 ساڵ و ئیبراهیمی هاوڕێی تەمەن 24 ساڵ گیانیان لەدەستداوە. لە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش ئافرەتێک، کە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە، گیانی لەدەستداوە.
خزمێکی نزیکی زانا بۆردوومان رۆژی یەکشەممە 14-04-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "وەکو لە وێنەش دیارە ئافرەتەکە هاتووەتە سایدی ئەمبەرەوە و لە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەی داوە و دەستبەجێ زانا و ئیبراهیم گیانیان لەدەستداوە."
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، لە کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ