قوباد تاڵەبانی: هەندێک لە داوای کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێکراون

14-04-2024
پەیمان محەممەد
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی مۆنۆمێنتی دێبنەی گەرمیانی کرد و لەگەڵ کەسوکاری ئەنفالکراوان کۆبووەوە، دەشڵێت: ''داواکاریی بەشێکی زۆری کەسوکاری ئەنفالکراوانمان پێشکێشکراوە، کە توانیومانە بەشێکیان جێبەجێ بکەین.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14-04-2024، یادی 36 ساڵەی ئەنفالە و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەم بۆنەیەوە سەردانی مۆنۆمێنتی دێبنەی لە سنووری ناحیەی رزگاریی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کرد.
 
قوباد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لەگەڵ بەشێک لە نوێنەرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان کۆبوونەوەیەکی چەند کاژێری هەبووە و گوتی: ''داواکاریی بەشێکی زۆری کەسوکاری ئەنفالکراوانمان پێشکێشکراوە، کە توانیومانە بەشێکیان جێبەجێ بکەین.''
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، بۆ جێبەجێکردنی بەشێکی دیکەی داواکارییەکان رێکاری دیکە دادەنرێن و گوتی: ''لە ساڵانی رابردوودا قسەمان زۆر کردووە، خەڵکیش قسەی زۆر کردووە و بێزارە لە قسە، پێموایە باشترین پەیام، پەیامی کردارییە و بە هاوکاریی ئەم خوشک و برایانەی کە ئەمڕۆ لەگەڵیان دانیشتم، پێکەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان کار دەکەین.''
 
ساڵانە لە مۆنۆمێنتی دێبنە، کە تایبەتە بە ئەنفالکراوان، یادی ئەنفال دەکرێتەوە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: ''ساڵی داهاتوو بە شێوازێکی دیکە دەتوانین لێرە یادی ئەنفال بکەینەوە.'' 
 
بەشێک لە داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان بریتین لە دامەزراندنی 150 دەرچووی زانکۆ، کە کەسوکاری ئەنفالکراوانن، گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەو رووفاتانەی کە گەڕێندراونەتەوە، دادگاییکردنی بکەرانی تاوانەکە، بە تایبەتی جاش و موستەشارەکان.
 
ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی گەرمیان، زۆرینەی دانیشتووانەکەی کەسوکار یان رزگاربووی تاوانی ئەنفالن.
 
تاوانی ئەنفال بە ھەشت قۆناخی یەک لە دوای یەک لە 22ـی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و، تاوەکو 6ـی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو.
 
قۆناخی سێی ئەنفال کە رۆژی 14-4ـی 1988 بوو، بەهۆی ئەوەی زۆرترین قوربانی هەبوو و گەورەترین کۆمەڵکوژی تێدا کرا، بەراورد بە قۆناخەکانی دیکە، بۆیە بە رۆژی ئەنفال دیاریکراوە.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە