رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، ''سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەک ملیار دینار پێشکێشی پارێزگاکە دەکات''؛ پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، چەندین دیاریی دیکەش لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەڵەبجە دیاریکراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-03-2024، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی بە بۆنەی 36ـەمـین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، یەک ملیار دینار بە دیاری دەبەخشێتە پارێزگاکە و بۆ دروستکردنی پرۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجە خەرج دەکرێت.
ئازاد تۆفیق گوتی، "جگە لە یەک ملیار دینارەکە، 100 گۆڕەری 400 ڤۆڵتی و 250 ڤۆڵتی، هەروەها 10 کیلۆمەتر کێبڵی کارەبا و 400 ستوونی نۆ مەتری و 11 مەتریی کارەباییش دەنێردرێتە هەڵەبجە."
بڕیارە کاژێر 09:00ـی بەیانیی رۆژی شەممە، 16ـی ئادار، بە بۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، لە مەزاری شەهیدانی کیمیاباران لە شارەکە رێوەڕەسمێک بەڕێوەبچێت و تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدان دابنرێت کە زۆربەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی بانگهێشتی رێوڕەسمەکە کراون.
هەر لەوبارەوە، چرۆ حەمە شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر بە نووسراوی فەرمی چەند داواکارییان ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، لەوانەش بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکەی 16ـی ئاداردا."
چرۆ حەمە شەریف ئاماژەی بەوە کرد، ''داواکاریی دووەممان ئەوە بوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە 16ـی ئاداردا دیارییەک پێشکێش بە خەڵکی هەڵەبجە بکات، کە ئێستا بڕی یەک ملیار دیناری وەکو دیاری بۆ درووستکردنی پرۆژەی دەروازەی شاری هەڵەبجە پێشکێش کردووین.''
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، داوا لە سوودانی کراوە کۆمەڵێک پێداویستیی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هەڵەبجە دابین بکرێت، ''کە ئەمەش رەزامەندی لەسەر دراوە و لەم نزیکانەدا دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.''
هاوکات، رەزامەندیی نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق وەرگیراوە، بۆ ئەوەی لە 16ـی ئاداردا بڕی 30 هەزار نەمام بنێردرێتە هەڵەبجە. چرۆ حەمە شەریف ئەوەشی خستەڕوو، ''داوامان کردووە تیمێک لێکۆڵینەوە لە ئاو و خاکی هەڵەبجە بکات بۆ ئەوەی بزانرێت کاریگەریی کیمیاباران لەسەر پارێزگاکە ماوە یان نا.''
پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاوسنوورە کە بەهۆی جەنگی هەشت ساڵە، ناوچە سنوورییەکانی مینڕێژ کراون و ئێستاش قوربانی لێدەکەوێتەوە؛ ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی دا، ''لە داهاتوویەکی نزیک تیمێک بۆ پاککردنەوەی سنوورەکان لە مین، سەردانی هەڵەبجە دەکەن''.
وەک چرۆ حەمە شەریف گوتی، سوودانی لە وەڵامی بانگهێشتکردنی بۆ بەشداریی لە رێوڕەسمی 16ـی ئاداردا گوتوویەتی، ئەگەر کارێکی پێشوەختە نەیەتە پێش، لە رێوڕەسمەکەدا بەشدار دەبێت.
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە برینداربوون.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ