بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان لە سنووری پشدەر و سۆران زیانی لێ دەکەوێتەوە

14-01-2024
پەیمان محەممەد
پردێک لە قەزای پشدەر بەهۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو رووخا. وێنە: رووداو
پردێک لە قەزای پشدەر بەهۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو رووخا. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە هەرێمی کوردستان کرد کە بەرزبوونەوەی ئاستی رووبارەکانی لێکەوتەوە. پردێک لە قەزای پشدەر رووخا و پەیامنێری رووداو لە سۆرانیش دەڵێت، ''زیاتر لە 10 ماڵ پڕ بوون لە ئاو."
 
دوای نزیکەی 48 کاژێر بارانبارین، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-01-2024، کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو جێگیربوون رۆیشت. ئەوەش لە کاتێکدایە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری باڵەکیان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زێی بچووک لە ئیدارەی راپەڕین زیانی هەبووە.
 
زیاتر لە 10 ماڵ لە گوندێکی سۆران پڕ بوون لە ئاو
 
ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سۆران، لە گوندی باڵەکیان رایگەیاند، بارانبارینی 24 کاژێری رابردوو، زیانی زۆری بە گوندەکە گەیاندووە.
 
لە گوندی باڵەکیان بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ ئاستی ئاوی رووبار بە جۆرێک بەرزبووەتەوە کە گەیشتووەتە نێو ماڵەکان و بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە، ئەوە یەکەم جارە بەو شێوەیە ئاستی ئاوی رووبار بەرز ببێتەوە.
 
هەندێک لە هاونیشتمانییان کە ماڵەکانیان لە تەنیشت رووبارەکەیە، بەو پێیەی مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەبووە، شەوی رابردوو خانووەکانیان چۆڵ کرد و لەوێ رۆیشتوون.
 
هاونیشتمانییەک لەوبارەوە بە پەیامنێری رووداوی گوت، "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 04:00، ئاستی ئاوی رووبارەکە بە شێوەیەک بەرزبووەوە کە ئاو هاتە نێو ماڵەکانمان، تەنیا توانیمان خۆمان رزگار بکەین و هیچ کەلوپەلێکمان بۆ دەرنەچوو."
 
هاونیشتمانییەکە گوتی، "مریشک، قاز و پەلەوەرەکانمان هەمووی ئاو بردوونی و نێو ماڵەکان بە تەواوی ژێرئاو کەوتوون."
 
 
پردێک لە قەزای پشدەر رووخا
 
هاوینی ئەم ساڵ رووباری زێی بچووک بەهۆی گرتنەوەی ئاو لە بەنداوی کۆڵەسەی ناوچەی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بوو لە وشکبوون، بەڵام دوای بارانبارینی 48 کاژێری رابردوو، ئاستی ئاوەکە ئێستا بەرزبووەتەوە.
 
ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، لە قەزای پشدەر و نزیک زێی بچووک گوتی، "پردێک کە رێگەی هاتووچۆی هاونیشتمانییانی نزیکەی 14 گوندی بناری چیای ئاسۆسە، ئاو بردوویەتی و ئەوەش ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی دانیشتووانی گوندەکان دروستکردووە، بە جۆرێک کە ئێستا ناچارن رێگەیەکی دوورتر ببڕن."
 
هاونیشتمانییەک لەبارەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکەوە دوو جار پردەکە رووخاوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "چاککردنەوەی پردەکە سێ بۆ چوار ملیۆن دیناری خەرجە و حکومەت هاوکاریمان ناکات، پڕۆژەشمان بۆ دەرچووە بەڵام بۆمان جێبەجێ ناکەن، ساڵانە لەسەر ئەرکی خۆمان پردەکە نۆژەن دەکەینەوە."
 
وەکو ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، کاتێک پردەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبار دەڕووخێت، ناچارن بە بەلەمی بچووک هاتووچۆ بکەن و بچنەوە گوندەکانیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە