رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، 8 هەزار هاووڵاتی سوودمەند بوون لە رێگەپێدانى زەویى سندووقى و فراوانکردنى حەرەمى گوندەکان، ئەمڕۆش 150 رێگەپێدانى دیکە بۆ خاوەنی ئەو زەویانە دەرچوو.
ئهمڕۆ (چوارشەممە، 13 تشرینی دووەمی 2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەپێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقییەکان لەبەرژەوەندیى هەژاران و کەمدەرامەتان، وەک قۆناخی نۆیەم 150 رێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانوو لەسەر زەویی سندووقی، رادەستى خاوەنەکانیان کران.
پارێزگاری هەولێر گوتی "بابەتى زەویى سندووقى، بەشێکى دیکەیە لە خزمەتگوزارییەکان، کە دواى فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەستیان پێکراوە و هێشتاش بەشێکى زۆر مامەڵەى دیکەى هاووڵاتییان لەلایەن لیژنەى پارێزگا، ماون."
لە سنوورى پارێزگەى هەولێر، تاوەکو ئێستا زیاتر له 8 هەزار هاووڵاتیی سوودمەند بوون و رێگەیان پێدراوە خانوو لەسەر زەویی سندووقى دروستبکەن.
زەویی سندووقی، ئەو زەوییانەن کە چەپ و راستیان بەشێوەی زێدەڕۆ کراون بە خانوو، بەڵام تائێستا رێگە نەدراوە ئەوان بکرێنە خانوو، پێشتر بۆ کردنەوەی ئەو زەوییانە، خاوەن زەوییەکە دەبووایە 30٪ـی نرخی زەوییەکە بدات، بەڵام ئێستا بۆ 10٪ کەمکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ