10 ساڵە ماڵباتێکی پەنابەر چاوەڕێی وەرگرتنی شوێنی مانەوەن

13-10-2024
عەدنان رەشید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ماڵباتێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان 10 ساڵە داوا دەکەن خانوویێکیان لەنێو کەمپی دۆمیز پێبدرێت، تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکەیان نەدراوەتەوە. کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، کێشەی ئەو ماڵباتە چارە دەکەن.
 
ماڵباتەکە خەڵکی عاموودێن لە رۆژئاوای کوردستان، دوای تێکچوونی دۆخی سووریا، لە 2013 هاتوونەتە هەرێمی کوردستان. سەعید محەممەد، باوکی چوار منداڵە و هاوژینەکەی نەخۆشیی دەروونی هەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "لەنێو کەمپی دۆمیز کاری بەرگدووری دەکەم بە رۆژانەی 15 هەزار دینار، ئەگەر خانوویێکم پێبدرێ دۆخی ژیانم باشتر دەبێت و بارێکی قورس لەسەر شانم هەڵدەگیرێت. 10 ساڵە داواکاریی پێشکێش دەکەم، وەڵامم نادرێتەوە."
 
 
ماڵباتی سەعید لە کۆمەڵگەی دۆمیز لە خانوویێکی کرێ بە مانگانەی 175 هەزار دەژین. میدیا عەبدوڵڵا، هاوژینی سەعید بە رووداوی گوت: "نەخۆشیی دەروونیم هەیە، دەکەومە سەر زەوی و بەرچاوی خۆم نابینم، بەیانیان و ئێوارە دەرمان دەخۆم. پێویستی زۆرمان بە خانوویێکی نێو کەمپ هەیە."
 
دوو هەزار ماڵباتی پەنابەر لە دەرەوەی کەمپ خۆیان ناونووس کردووە بۆ وەرگرتنی خانوویێکی نێو کەمپ. لیژنەیەک لە کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکان دەکەن و بەپێی چەند مەرجێک خانوو دەدەنە پەنابەرەکان.

 

 
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەو ماڵباتە پەنابەرە دەکات. پیردەیان جەعفەر لە بەرپرسیار گوتی: "با ماڵباتی سەعید سەردانمان بکەن و بەدواداچوون بۆ کێشەکەیان دەکەین. داواکاریی وەرگرتنی خانوو زۆرە و هەموو کەمپ پڕن لە پەنابەر. حکومەتی عێراق ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بە پەنابەر نازانێ و هیچ هاوکارییەکیان ناکات. هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش 90٪ کەمبوونەتەوە."
 
 
لە سنووری دهۆک، پێنج کەمپ هەن، کەمپی دۆمیز-1 نزیکەی 5400 خانوو لەخۆ دەگرێت. کەمپی دۆمیز-2 نزیکەی 2040 خانوو لەخۆدەگرێت. خزمەتگوزارییەکانی وەکو ئاو، کارەبا و خانوو بەخۆڕایین، بۆیە پەنابەران بۆ رزگاربوون لە کرێی خانووی مانگانە، ئاو و کارەبا، داوای خانووێكی نێو کەمپ دەکەن تاوەکو دۆخی ژیانیان باشتر بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".