رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دانیشتووانی باکووری غەززە ئاگادار دەکاتەوە، کە لە ماوەی 24 کاژێردا ناوچەکانیان جێبهێڵن و رووبکەنە باشووری کەرتەکە. نەتەوە تەکگرتووەکانیش هۆشداری لە تێکچوونی دۆخەکە دەدات.
رۆژی هەینی، 13ـی تشرینی یەکەمی 2023، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا داوای لە 1.1 ملیۆن دانیشتووی باکووری غەززە کرد، ناوچەکەیان جێبهێڵن و دەشڵێت: "هێزە بەرگرییەکانی ئیسرائیل داوا لە دانیشووانی سیڤیلی غەززە دەکەن بۆ ئەوەی سەلامەتییان پارێزراو بێت، روو بکەنە باشووری غەززە".
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە غەززە و دەڵێت: "تیرۆریستانی حەماس لەنێو تونێلەکان و لەژێر ماڵەکان خۆیان حەشارداوە".
هاوکات، ستیفان دووژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل داوای لە هەموو دانیشتووانی باکووری غەززە و ئەو کەسانەشی کە لە دەزگا خزمەتگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان پەنادراون کردووە، کە ناوچەکە بەجێبهێڵن.
ستیفان سەرکۆنەی داواکارییەکەی ئیسرائیلی کرد و گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات هەر فەرمانێکی لەوشێوەیە، ئەگەر پشتڕاستبکرێتەوە، هەڵبوەشێتەوە".
بەگوێرەی دوایین ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومانکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 432 هەزار کەس لە غەززە ئاوارەبوون.
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "پێنج هەزار" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی غەززە کرد.
بەگوێرەی دوایین ئاماری سوپای ئیسرائیل، هەزار و 300 ئیسرائیلی کوژراون و سێ هەزار و 300ـی دیکەش لە شەڕەکەدا برینداربوون. وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش دەڵێت، هەزار و 537 کەس لە شەڕەکەدا کوژراون و 6 هەزار و 268 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ