رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو کچی کورد لە شاری بانە دەستگیردەکەن و دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە پێیان کە دەبێت جارێکی دیکە بەشداریی لە خۆپێشانداندا نەکەن، ئازادیان دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی سێشەممە، 11-10-2022، هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو کچیان بەناوەکانی رۆژین و روئیا دەستگیرکردووە، ئەوەش بە تۆمەتی ئەوەی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی چەند رۆژی رابردووی شارەکەدا کردووە. هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە تۆمەتی بوونی تەقەمەنی، ماڵەکەیانی داخستبوو.
رووداو زانیویەتی، تەمەنی ئەو دوو کچە 18 ساڵە و دوای دەستگیرکردنیان، بەڵێنیان لێوەرگیراوە کە نابێت چیدیکە بەشداریی لە خۆپێشدانداندا بکەن و دوای ئەوە رۆژی پێنجشەممە ئازادیان کردوون و ماڵەکەشیان کردوونەتەوە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چەندجارێک خۆپێشاندان لە بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچووە، لەوانەش شاری بانە.
خۆپێشاندانەکان رۆژی 18-09-2022 وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر گیانلەدەستدانی گوماناویی ژینا ئەمینی، کچە کوردی تەمەن 22 ساڵی سەقز دەستیان پێکرد. حکومەتی ئێرانیش هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ