زەوی 25 گوند تاپۆ دەکرێن و دەبنە گەڕەكێك لە سلێمانی

13-08-2017
شادیە رەسول
تاوەكو ئێستا كاری 21 گوند تەواو كراوە
تاوەكو ئێستا كاری 21 گوند تەواو كراوە
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

زەوی و خانووی ئەو گوندانەی دەکەونە سنوری ماستەرپلانی سلێمانی لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن. بڕیارەکە لە سەرەتای 2017ـەوە دەرچووە و 25 گوند دەگرێتەوە، تاوەکو ئێستا کاری 21 گوندیان تەواو کراوە و گوندەکان دەبنە گەڕەکێکی سەر بە شاری سلێمانی.

لە سنووری ماستەر پلانی سلێمانی زیاتر لە 25 گوند دەبنە گەڕەكێك لە شارەكە، تاوەكو ئێستا كاری 21 گوند تەواو كراوە و زیاتر لە 25 هەزار فۆڕم بۆ ئەو زەوییانە دابەشكراوە.

نرخی زەوی و خانووی ئەو گوندانە دوای بڕیارەکەی حکومەت رووی لە بەرزبوونەوەیە، بەرپرسانی سلێمانی بڕیارەكە بە هۆكارێكی گرنگ دەزانن بۆ رێگری لە زێدەڕۆیی سەر موڵكی گشتی.

ماوەی دوو ساڵە زەوی و خانووی ئەو گوندانەی سنووری ماستەرپلانی سلێمانی فۆڕمیان هەیە، ئەوەش وایكردووە نرخی خانووەكان بەرز ببێتەوە، بەڵام ئەو نرخەی كە لەسەر تاپۆكردنیان دانراوە واینەكردووە كە بازاڕی  فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە گەرموگوڕ تر بكات. 

زۆراب حەمە ئەمین، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە دەڵێت "بڕیاری تاپۆكردنەکە هیچ جوڵەیەكی نەخستووەتە نێو بازاڕەكەمان، چونكە ئەو بڕە پارەیەی كە لەسەر تاپۆكردنی دانراوە بۆ هەر مەترێك 15 هەزاردینارە، ئەوەش بڕێکی زۆرە".

بۆ ئەوەی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاپۆكردنی ئەو زەوی و خانووانە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، شارەوانی سلێمانی چاوەڕوانی ئەو لیژنەیە كە بڕیارە لە ئەمساڵدا بۆ ئەو مەبەستە دروست بكرێت و دەست بەكارەكانی بكات.

یوسف یاسین، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت "ئێمە چاوەڕوانی ئەو لیژنەیەین كە لەلایەن وەزارەتی شارەوانییەوە دروست دەكرێت و رێنماییەكان بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەكات، كە ئەوەش ئاسانكارییەكی زۆر دەبێت بۆ هەموو ئەو شوێنانەی كە ئەو تاپۆكردنە دەیانگرێتەوە".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە