هاونیشتمانییەک لە بەنداوی دەربەندیخان خنکا

13-07-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەک لە کاتی مەلەکردندا لە بەنداوی دەربەندیخان خنکا. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
 
کاژێر 23:00ـی شەوی رابردوو هاونیشتمانییەک بە ناوی سامان ئەحمەد، کە مامۆستای بەشی کیمیایە لە قوتابخانەیەک، لە بەنداوی دەربەندیخان مەلەی کردووە و خنکاوە. 
 
سلێمان سەعید، قایمقامی قەزاکە بە هونەر حەمید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''جگە لە تیمی بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان، دوو تیمی بەرگریی شارستانیی گەرمیانیش سەرقاڵی گەڕانن، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.''
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای دیارنەمانی سامان ئەحمەد، چەند هاوڕێیەکی کە لەگەڵیدا بوون، پەیوەندییان بە بەرگریی شارستانیی دەربەندیخانەوە کردووە، بەڵام قووڵایی ئەو شوێنەی گومان دەکرێت تێیدا خنکابێت، دەگاتە نزیکەی 50 مەتر و بێ ئامێری تایبەت گەڕان بەدوایدا ئەستەمە.
 
سلێمان سەعید گوتی، ''بەداخەوە هیچ ئامێرێکی پێویستمان بۆ دۆزینەوەی تەرمی هاونیشتمانییەکە لەبەردەست نییە. لەگەڵ پارێزگار و جێگرەکەی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئامێرێکی تایبەتی ژێرئاو بنێرن بۆ ئەوەی لە قووڵاییدا بەدوای تەرمەکەدا بگەڕێین.''
 
گەڕان بەدوای تەرمی سامان لەکاتێکدایە، پلەی گەرمیی ناوچەکە دەگاتە زیاتر لە 45 پلەی سیلیزی. 
 
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو 21ی ئایار زیاتر لە 1290 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە و بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە