گالەری

13-06-2024
31 Photos
پەیمان محەممەد
رووداو دیجیتاڵ

لەو شەوی رابردووەوە دووکەڵی ئاگرێکی گەورە، بەشێکی ئاسمانی گوێڕی داپۆشیوە، بەهۆی سووتانی سێ کۆگەی قیری شل و زیاتر لە 50 تانکەری نەفتا.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکەن بۆ ئەوەی فراوانتر نەبێت و نەگاتە کۆگە و پاڵاوگەکانی دیکە، بەڵام هێشتا بەردەوامە و سووتەمەنیی نێو کۆگەکان دەسووتێن.
 
لە رێگەی ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە، کرداری ساردکردنەوە بۆ کۆگە و تانکەرەکانی دەوروبەری ئەم سێ کۆگەیە کراوە و، توانراوە مەترسییەکانی ئاگرەکە کەمتر بکرێنەوە.
 
تاوەکو ئێستا، 10 کەس بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە بریندار بوون. فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نزیک شوێنی ئاگرەکەوە دەڵێت ''بەشێک لە بریندارەکان تەندروستییان باشە، هەر شەو دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست، رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە. تەنیا چەند بریندارێک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا ماونەتەوە و لەژێر چاودێریی پزیشکی دان، بەڵام تەندروستیی ئەوانیش جێگیرە.''
 
جگە لە بریندارەکان، سێ ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی ''بە تەواوی'' سووتاون کە ئۆتۆمبێلێکیان هی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بوو و بە هانای تیمەکانی دیکەی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە هاتبوو.
 
جیا لەو ئۆتۆمبێلانەی بەرگریی شارسانی، سێ تانکەری دیکەی هەڵگری سووتەمەنی، کە لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەدا سەرقاڵی بەتاڵکردنی قیری شل بوون، سووتاون.
 
ئاگرەکە دەوروبەری کاژێر 20:30ـی شەوی چوارشەممە، 12-6-2024 کەوتەوە و تائێستاش بەردەوامە. پەیامنێری رووداو دەڵێت جگە لەو سێ کۆگەیەی قیری شل، نزیکەی 50 بۆ 60 تانکەری گەورەی نەفتا سووتاون.
 
لە رێگەی شۆڤڵیشەوە خۆڵ لە دەوری کۆگەکە بەرزکراوەتەوە، بۆ ئەوەی ئاگرەکە زیاتر تەشەنە نەکات؛ ئێستا ئەرکی تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئەوەیە رێگری لە تەشەنەکردنی ئاگرەکە بکەن، چونکە کوژاندنەوەی ئەستەمە.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە قۆناخی دووەمی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا، دەست بە گواستنەوەی فوومێکی زۆر بۆ شوێنی ئاگرەکە دەکەن، بۆ ئەوەی بیخەنە نێو سێ کۆگەکەی قیری شل و لەو رێگەیەوە هەوڵی دامرکاندن و کوژاندنەوەی بدەن.
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەوە قسەیان بۆ فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و هۆکارەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە ''دوێنێ نزیکەی 50 هەزار تۆن سووتەمەنی لە جۆرەکانی قیری شل، نەفتا، بەنزین و گازوایل لە کۆگەکەدا بەتاڵکراون؛ لە کاتی بەتاڵکردنی تانکەرەکان، (مزەخە)ـی بەتاڵکردنی سووتەمەنییەکان شۆرتی کردووە (شەرارەی کردووە)، کڵپەی ئاگر دروستبووە و دەستبەجێ بڵاوبووەتەوە.'' 
 
لە شەوی رابردووەوە بەهۆی گڕگرتنی سووتەمەنیی جۆراوجۆر، بۆنێکی ناخۆش ناوچەکەی داپۆشیوە و دووکەڵ ئاسمانی تەنیوە کە گرفتی بۆ ماڵەکانی نزیک کۆگەکان دروستکردووە.
 
پەیامنێری رووداو گوتی، کۆگەکان بەگشتی دوو بۆ سێ کیلۆمەتر لە گوندەکانەوە دوورن، بەهۆی هەبوونی ئەم پاڵاوگە نایاساییانەوە، گوندنشینان دەڵێن "چەندین نەخۆشی و شێرپەنجە بڵاوبووەتەوە" و، مەترسییان لەسەر ژیانی گوندنشینانی دەوروبەر دروستکردووە.
 
تائێستا زیانە مادییەکانی رووداوەکە دیارینەکراون و بەرپرسانی پارێزگەی هەولێر لێدوانیان لەبارەیەوە نەداوە.