لقی دهۆکی کۆمیسیۆن: لە رۆژانی جەژنیشدا دەرگەی کۆمیسیۆن کراوە دەبێت

13-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا 9 لایەنی سیاسی و 17 بەربژێری سەربەخۆ ناویان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە رۆژانی پشوو و جەژنیشدا دەرگەی نووسینگە کراوە دەبێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13-06-2024، خالید عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە هەوار جەلالەدین پێشکێشی کرد، رایگەیاند: ''تاوەکو ئێستا ناوی 2 هاوپەیمانی، 9 لایەنی سیاسی و 17 بەربژێری سەربەخۆ بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک تۆمارکراون".
 
بڕیاربوو تۆمارکردنی پارت، هاوپەیمانێتی و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 8 تاوەکو 13ـی حوزەیران بێت، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وادەکەی بۆ 12 رۆژی دیکە و تاوەکو 24ـی مانگ درێژکردەوە. 
 
خالید عەباس گوتی: ''لە رۆژانی جەژن و پشوویشدا دەرگەی ئۆفیس کراوە دەبێت و بەربژێرانی تاک و پارتە سیاسییەکان دەتوانن بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان سەردانمان بکەن". 
 
پێشتر رۆژی 10ـی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی تێبینیی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەندێک لە پێکهاتەکانەوە هەڵبژاردنەکە نەکرا و ئێستا کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنی کاتێکی نوێ.
 
بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، پارتی بە شێوەیەکی فەرمی نووسراوی پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە کە بەشدار دەبێت لە هەڵبژاردن؛ گوتیشی: ''بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ناوێک لەلایەن پارتییەوە پێشکێشی ئۆفیسی پارێزگای دهۆک نەکراوە. پێویستە تاوەکو 24ـی مانگ ناوی بەربژێرانیان پێشکێشی ئێمە بکەن، بەڵام تاوەکو ئیستا ناوەکان رادەست نەکراون''. 
 
20ـی ئایاری 2024 دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی پابەند کرد پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەوەش ژمارەى کورسی گشتی لە پارێزگاى هەرێمى کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کەمبوونەوە؛ 95 کورسیی گشتی و 5 کورسیی پێکهاتەکان.
 
ژمارەى کورسیی گشتى جگە لە کۆتا لە پارێزگاى سلێمانى لە 38 کورسیەوە دەبێت بە 36، لە هەولێر لە 34 کورسییەوە دەبێت بە 32؛ لە دهۆک لە 25 کورسییەوە دەبێت بە 24 کورسی. خالید عەباس گوتی: ''ئەو کورسییەی لە دهۆک بۆ پێکهاتەکان دەستنیشانکراوە، هەر دوو پێکهاتەی کریستیان و ئەرمەن رکابەرایەتی لەسەر دەکەن و تاوەکو ئێستا چوار کەس خۆیان بەربژێر کردووە".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زیاتر لە 84٪ـی دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک تۆماری بایۆمەترییان بۆ کراوە و هەروەها کێشەی پەنجەمۆری شەش هەزار کەسیش چارەسەرکراوە.
لە هەولێر 53 بنکەی تۆماری بایۆمەتری، لە دهۆک 43 بنکە و لە سلێمانیش 76 بنکە هەن. خالید عەباس گوتی، سەرەڕای ئەوەی تۆماری بایۆمەتری راگیراوە، بەڵام دابەشکردنی کارتەکانی دەنگدان بەردەوامە.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە