رووداو دیجیتاڵ
چوار هاونیشتمانیی دانیشتووی شارەکانی پیرانشار و بۆکانی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی دادی ئێرانەوە سزای 16 ساڵ بەندکرانیان بۆ دەرکرا.
لە دوو رۆژی رابردوودا، سێ هاونیشتمانیی خەڵکی پیرانشاری پارێزگای ورمێ بە ناوەکانی هەژار دڵسۆز، ئاکام خزرزادە، عوسمان دڵسۆز و هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بەناوی سولەیمان سالک، لەلایەن لقی 102ی دادگەی تاوانەکانی پیرانشار، تێکڕا سزای 16 ساڵ بەندکرانیان بۆ دەرکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە (ئۆپۆزیسیۆنەکان) کوردییەکان، سزای دوو ساڵ بەندکران بۆ هەر یەکە لە عوسمان دڵسۆزی تەمەن 66 ساڵ، هەژار دڵسۆزی تەمەن 30 ساڵ و ئاکام خزرزادەی تەمەن 30 ساڵ دەرچووە کە کەسوکاری یەکدین؛ هاوکات بە هەمان تۆمەت، سزای 10 ساڵ بەندکران بۆ سولەیمان سالکی تەمەن 73 ساڵ و دانیشتووی گوندی قەرەگۆلی بۆکان دەرکرا.
کەسوکاری یەکێک لە سزادراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "20 رۆژیان مۆڵەت هەیە تانە لە بڕیارەکەی دادگە بدەن، ئەگەر نا، دەبێ بۆ جێبەجێکردنی سزاکە خۆیان رادەست بکەن."
پێشتر 28-06-2022 سولەیمان سالک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستگیرکرا؛ دوای هەفتەیەک، لە 05-07-2022 عوسمان، هەژار و ئاکامیش دەستگیرکران. ئەو کەسوکارەی سزادراوان لەوبارەوە گوتی، ''ئەو کات هەر کامەیان دوای دوو مانگ بەندکران، بە بارمتەی قورسی سێ ملیار و 500 ملیۆن تمەنی (نزیکەی 65 هەزار دۆلار) تاوەکو یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکەیان بە شێوەی کاتی ئازادکرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ