رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی دەربەندیخان کە پێشتر دەروێش بووە، ئێستا لە سۆشیال میدیا زۆرترین ناوی دەهێندرێت و دەگوترێت لە ماڵەکەیدا لەگەڵ کوڕان و کچاندا سەما دەکەن. بەڵام هاوڕێیەکی دەڵێت: "دێوانە دڵێکی گەورە و ژوورێکی بچووکی هەیە بۆ گەیشتن بە خودا". ئەوقاف دەڵێت، شتی دژی دینیان لەو گەنجە نەدیوە و قایمقامی قەزاکەش دەڵێت: "لەسەر سکاڵایەک دوو رۆژ زیندانی کراوە".
دێوانە هەڵۆ کێیە؟
گەنجێک بە چەند ناو و ناسناوێکەوە بووەتە باس و خواسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ئەو ناوی 'هەڵۆ ساڵح'ـە و پێی دەڵێن "دێوانە هەڵۆ"، نزیکەکانیشی "باوە"ی پێ دەڵێن.
دێوانە هەڵۆ لە گەڕەکی شارەوانیی قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی دەژی. بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، دێوانە هەڵۆ پێشتر لە بەریتانیا ژیاوە و ساڵی 2010 گەڕاوەتەوە کوردستان. دێوانە پێشتر دەروێشی شێخانی سۆڵە و شوێنەکەوتەی تەریقەتی قادری بووە، بەڵام ئێستا دەڵێت: "تەنیا دەروێشی خودام".
دێوانە هەڵۆ باوکی دوو منداڵە. ماڵەکەی دێوانە وەکو تەکێیەکی لێهاتووە و دەرگەی بەڕووی سەردانیکارانیدا کراوەتەوە، بەڵام زۆرینەی ئەوانەی دەچنە ئەو تەکێیە کچان و کوڕانی گەنجن.
تۆمەتەکان کە دەدرێن پاڵ دێوانە هەڵۆ
ئەو کەسانەی قسەی لەسەر دەکەن دەڵێن، دێوانە لە ماڵەکەیدا شەو تاوەکو رۆژ دەبێتەوە میوانداری کچان و کوڕانی گەنج دەکات و پێکەوە شەو بەسەر دەبەن و سەما دەکەن، لە رابردوودا خۆی ئەوەی رەتنەکردووەتەوە کە کچ "سەردانی کردووە"، بەڵام دەڵێت: "کچەکان وەکو منداڵی خۆم سەیر دەکەم".
شاڵاو ساڵح ژاڵەناوی، شاعیر و شانۆکار و هاوڕێی نزیکی دێوانە هەڵۆیە بە رووداوی گوت: "ئەوەی وایکرد تاوەکو ئەم تەمەنەم گەنجێکی خراپ و پڕ لە کێشە و بەد نەبم، باوکم و خێزانەکەم چەند هۆکار بوون، ئەوەندەش دێوانە هەڵۆ هۆکار بووە".
بە گوتەی شاڵاو ژاڵەناوی ساڵی 2010 دێوانە هەڵۆ لە ئەورووپا گەڕایەوە سەرتاشخانەی داناوە، ئەویش لای ئەو کاری کردووە، تاوەکو ئێستاش پەیوەندیی ماوە. شاڵاو ساڵح ژاڵەناوی دەڵێت: "جگە لە رێز و دڵێکی گەورە بۆ گەیشتن بە خودا هیچی دیکەم لێ نەدیوە".
ژاڵەناوی گوتی، دێوانە هەڵۆ بەجۆرێک دین و هونەری تێکەڵ کردووە کە زۆر کەس دژایەتی بکەن. بە گوتەی ئەو: "لایەنی ئیسلامیی هەن دژی ئەو رێگەیەی دێوانەن و لەپشت بە درۆ ناشیرینکردنییەوەن، ئەگەرنا هیچ بەڵگەیەک نییە بچووکترین هەڵەی کردبێت".
قایمقامی دەربەندیخان: لەسەر سکاڵایەک دێوانە هەڵۆ دەستگیر کرا
بەرپرسانی دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەکەن، یەک خێزان دژی دێوانە هەڵۆ سکاڵای تۆمار کردووە و گوتوویەتی: "کچەکەمان لەلایەن دێوانە هەڵۆوە خەڵەتێندراوە".
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی گوت: "لەسەر سکاڵای خێزانێک هەفتەی رابردوو دێوانە هەڵۆ دەستگیرکرا، بەڵام دوای دوو رۆژ و بە دەستەبەر ئازاد کرا".
کەسێکی ئاگادار لە دۆسێکە بە رووداوی گوت، ئەو خێزانەشی سکاڵایان دژی دێوانە هەڵۆ تۆمار کردووە تەنیا تۆمەتیان خەڵەتاندنی کچەکەیان بووە. گوتیشی: "چی ئەو خێزانە و هیچ خێزانێکی دیکەش تۆمەتی هەراسانکردنی سێکسییان نەداوەتە پاڵ دێوانە هەڵۆ".
شاڵاوی هاوڕێی دێوانە هەڵۆ دەڵێت: "تۆمەتەکانی دەدرێنە پاڵ دێوانە هیچ بنەمایەکی نییە.. بۆ نموونە ڤیدیۆی ژنێک بڵاوکراوەتەوە گوایە دژی دێوانەیە، کەس نازانێت کێیە و لە پشتەوە دیمەنی گیراوە".
قایمقامی دەربەندیخانیش ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان هیچ لادانێکی دابونەریت بەگوێرەی یاسا قبووڵ ناکەن. گوتیشی: "هەرکەسێک سکاڵای دژی دێوانە هەڵۆ هەیە، ئەوە دادگەیە تۆماری بکات و بێگومان رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسە دەگیرێتەبەر".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەوانەی سەردانی ماڵی دێوانە هەڵۆ دەکەن تەمەنیان لە سەروو 18 ساڵە و بە خواستی خۆیان دەچن. رووداو زانیویەتی، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کەسێک لە هاوسێکانی دێوانە سکاڵایان لای هێزە ئەمنییەکان نەکردووە بڵێن بەهۆی هاتووچۆ یان هەر هۆکارێکی دیکەی ماڵی دێوانەوە هەراسان بوون.
ئەوقاف: هیچ بابەتێکی دژە دینییمان لە دێوانە هەڵۆ نەدیوە
ئەوقافی گەرمیان دەڵێت، هیچ مامۆستایەکی ئایینیی دەربەندیخان دژی دێوانە هەڵۆ سکاڵای تۆمار نەکردووە و هیچ نیگەرانییەکیش بە ئەوان نەگەیشتووە.
مامۆستا سەباح محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی گەرمیان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسە [دێوانە هەڵۆ] هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە، چونکە کارەکانی نە لەنێو مزگەوتدایە، نە جێگەیەکی حکومی."
بەڕێوەبەری ئەوقافی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوەی باس دەکرێت کە دژی دینە، ئێمە بەڕاستی ئەوانەمان لێ نەبینیوە".
سلێمان محەممەد قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت: "دێوانە هەڵۆ ئەو مەترسییە گەورەیە نییە وەکو باس کراوە؛ ئێستا لە ماڵەکەی خۆیدایە و هەر کاتێک بمانەوێت لەبەردەستی یاسادایە و دەتوانین دەستگیری بکەین".
شاڵاو ساڵح ژاڵەناوی هاوڕێی دێوانەش گوتی: "ئێمە بنەماڵەیەکی ناسراوین لە دەربەندیخان، یەک تۆمەت لەوانەی بە دێوانە هەڵۆ دەگوترێت راستبووایە بە دڵنیاییەوە قسەم لەسەر دەکرد و رەخنەم لێدەگرت، نەوەکو ئەو، ئەندامی بنەماڵەی خۆشمان هەڵە بکەن باسی دەکەم".
هەرچەندە دەنگۆیەک هەیە گوایە دێوانە هەڵۆ جارێکی دیکە لە کەلار دەستگیرکراوەتەوە، بەڵام عەقید عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رەتیکردەوە و ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "ئەو کەسە خەڵکی دەربەندیخانە و هیچ دۆسێیەکی لای ئێمە نییە".
دێوانە هەڵۆ دەڵێت، خۆی بە موسڵمان و کریستیانیش دەزانێت و هەموو دینەکانی دیکەشی خۆش دەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ