رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە نمەبارانی ناوبەناو دەبارێت و هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و هەورە برووسکەی لەگەڵدا دەبێت.
کەشناسی دەڵێت، بارانبارین ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک زیاتر دەبێت بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە. راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت، لە رۆژئاوای هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت و دەگات 30 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.
لەبارەی کەشوهەوای سبەیەوە، کەشناسیی رایگەیاند، "نمەباران، تاوەباران و هەورە برووسکە دەبێت. ئەویش سەرەتا لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور[ی هەرێمی کوردستان]ەوە دەستپێدەکات، پاشان بۆ ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بە شێوەی پچڕ پچڕ درێژدەبێتەوە؛ لەگەڵ بوونی کەمێک تۆز لە بەیانیدا."
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆکانی راپەڕین، سۆران و زاخۆ نمەباران و تاوەبارانی ناوبەناو دەبارێت و لە سلێمانی و هەڵەبجە لاواز دەبێت.
ئەو کەشناسە گوتیشی، سبەی شێوەی بارانبارین وەکو ئەمڕۆ دەبێت، بەڵام لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لاوازتر دەبێت.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پلەی گەرما کردووە و رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنی 4 بۆ 5 پلە دادەبەزێت، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلەی دیکە نزم دەبێتەوە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی لە شەودا ئاسمان ساماڵ دەبێت و کەشوهەوا سەقامگیر دەبێتەوە.
هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 26 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 25 پلەی سیلیزی
دهۆک: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 21 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 25 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 29 پلەی سیلیزی
سۆران: 22 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 13 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 29 پلەی سیلیزی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ