رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان دەڵێت، ئەم ساڵ 319 هەزار دۆنم زەویی ئیدارەکە بە گەنم داچێندراون و 200 هەزار تۆن بەرهەمی گەنمیان دەبێت، گوتیشی، "هۆکاری سەرەکیی درەنگ کردنەوەی سایلۆکان، کەمبوونی ژمارەی فەرمانبەرانە."
ئەمڕۆ دووشەممە 13-05-2024 شادیە حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "هەموو ساڵێک بۆ کردنەوەی دەرگەی سایلۆکان و وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کاتی خۆیدا تووشی گرفت دەبین."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر سایلۆی گەرمیان ستافی لە خوارووی عێراقەوە بۆ دەهات، "بەڵام ئێستا سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆی هەیە، گرفتەکانمان هەر بەردەوامن."
جووتیارانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گلەیی لە درەنگ کردنەوەی سایلۆکان و دواکەوتنی وەرگرتنی گەنمەکانیان دەکەن و دەڵێن، "ئەگەر سایلۆکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیاندا نەکرێنەوە، ناچارین هەر تۆنێک گەنم بە 200 هەزار دینار هەرزانتر بفرۆشین و زەرەرمەند ببین."
شادیە حوسێن باسی لەوەش کرد، هۆکاری سەرەکیی دواخرانی کردنەوەی سایلۆکان، کەمبوونی ژمارەی فەرمانبەرانە، "58 کەس لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکاری دامەزراندنیان نەگیراوەتەبەر."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان، پێویستە بەر لە کردنەوەی سایلۆکان، پاکبکرێنەوە و پشکنینیان بۆ بکرێت، "بۆیە هەموو ساڵێک، فەرمانبەرانی پێویست، لە فەرمانگەکانی دیکەوە دەبرێنە سایلۆکان."
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەشی خستەڕوو، "ساڵانە 15ی ئایار داوای کردنەوەی سایلۆکان دەکەین، چونکە وەرزی دروێنە لە گەرمیان سەرەتای مانگی پێنج دەستپێدەکات."
بەپێی رووپێویی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ئەم ساڵ 319 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە، شادیە حوسێن دەڵێت، "پێشبینی دەکەین نزیکەی 200 هەزار تۆن گەنممان هەبێت."
سەرەتای ئم مانگە، شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە هەرێمی کوردستان کرد کە چەندین زیانی گیانی و مادی لێکەوتەوە، بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان، "ئەو گەنمەی لە قۆناخی وشکبوونی تەواودا بوو، بەهۆی شەپۆلەکەوە، زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. ئێستا بەڕێوەبەرایەتی دەستیکردووە بە رووپێویی زیانەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکمان بۆ قەرەبووکردنەوەی جووتیاران بەدەست نەگەیشتووە."
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەم ساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لەسەر ئاستی ساڵانی رابردوو و لە مێژووی ئەو وڵاتە.
بۆ کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری داناوە، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران بکڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ