کێشەی 43 پارچە زەوی لە کۆمەڵگەی چەمکوڕکی زاخۆ؛ رێگەنادرێت بکرێنە خانوو

13-04-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چەند هاونیشتمانییەک لە کۆمەڵگەی چەمکوڕک لە سنووری ناحیەی رزگاریی ئیدارەی زاخۆ دەڵێن، لەساڵی 2020وە 53 پارچە زەوییان لە کەسێک کڕیوە و بۆ هەر پارچەیەک 11 هەزار دۆلاریان داوە، بەڵام ئێستا حکومەت رێگەیان نادات بیکەنە خانوو.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری دەڵێت، ئەو زەوییانە موڵکی وەزارەتی داراییە و هیچ تۆمارێکی یاسایی نییە، لەهەوڵداین بۆ چارەسەری کێشەکە.
 
ئارام سەعید، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سنووری ئیدارەی زاخۆیە و دانیشتووی کۆمەڵگەی چەمکوڕکە، دەڵێت، ئێمە لە ساڵی 2020 لەنێو کۆمەڵگەی چەمکوڕک 53 پارچە زەوییمان کڕی کە رەزامەندی بەڕێوەبەری ئەوکاتی ناحیەکە و شارەوانی ناحیەکەی هەبوو، بەڵام لەدوای گۆڕینی بەڕێوەبەری ناحیەکە لە 2022 ئێستا رێگەمان نادەن بیکەینە خانوو.
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، لەو 53 پارچە زەوییە 13یان کراون بە خانوو، ئەو 43 پارچەکەی دیکە رێگە نادەن بیکەینە خانوو، چەندین جار چووینەتە پارێزگای دهۆک، دوای هێنانە کایەی ئیدارەی زاخۆش چەندین جار سەردانمان کردوون بۆ چارەسەری کێشەکە و هەر چاوەڕێین، لەکاتێکدا لە خانووی کرێدا دەژین و پارەیەکی زۆرمان داوە بە زەوییانە و پارەکەمان خوراوە.
 
ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە زاخۆ بە رادیۆی رووداوی گوت، مامەڵەکردن بەو زەوییانە بە نایاسایی بووە، چونکە ئەگەر یاسایی بوایە بەڵگەیەکی یاسایی و فەرمییان هەبوایە رانەدەگیرا، چونکە زەوییەکان موڵکی وەزارەتی داراییە.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری، هەوڵدەدەن چارەسەرێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ ئەو هاونیشتمانییانە بدۆزنەوە، بەڵام پێویستی بە کاتە و لەگەڵ ئیدارەی زاخۆ لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی.
 
لەبارەی بوونی نوسراو و بەڵگەی کارگێڕی لەلای ئەو هاونیشتمانییانە. ئەدیب جەعفەر گوتیشی، ئەوانە هیچ رێگەپێدان و بەڵگەیەکی یاساییان نەبووە، ئەوەی کراوە لە رابردوودا بە تەجاوز و زێدەڕۆ بووە. بۆیە ناکرێت ئێستا ئەوەی ماوە رێگە بدرێت بەشێوەی زێدەڕۆ و بێ رێگەپێدان خانوو دروست بکەن، چونکە هیچ بەڵگەیەکیان نییە رەنگە گرێبەستی نوسینگەیەکی خانووبەرە یان لەنێوان كڕیار و فرۆشیار بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە