ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە شەش ملیار مەتر سێجا

13-04-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گلدانەوەی زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراون. بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان دەڵێت، ئەم ساڵ بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار ملیارێک و 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی گلدراوە زیاترە.
 
لە هەرێمی کوردستان سێ بەنداوی گەورە و زیاتر لە 20 بەنداوی بچووک و گۆماوی دەستکرد هەن. تەنیا بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک بۆ توانای گلدانەوە و کۆگاکردنی زیاتر لە 10 ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراون.
 
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاوی کۆگاکراو لە هەرێمی کوردستان ئێستا شەش ملیار مەتر سێجایە، بەراورد بە هەمان رێککەوتی پار، ملیارێک و 800 ملیۆن مەتر سێجا زیادیکردووە."
 
ئاستی بەنداوەکان زیادیکردووە
 
ئەم وەرزەی بارانبارین بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو بارانی زیاتر باریوە.
 
بەنداوی دووکان بۆ توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە. بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەنداوەکان بۆ رووداو، بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەنداوی دووکان 656 ملیۆن مەتر سێجا زیاتر ئاوی تێدایە.
 
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە؛ ئێستا تەنیا "دوو مەتری ماوە بۆ پڕبوون."
 
بەنداوی دهۆک بەراورد بە دوو بەنداوەکەی دیکە بچووکە، بەڵام سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و لە توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا 47 هەزار و 500 مەتر ئاوی تێدایە.
 
ئاماری بارانبارین
 
زیادبوونی ئاوی کۆگاکراو لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، بە گوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە تەواوی هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بارانی زیاتر لە هەمان رێککەوتی پار باریوە.
 
بەگوێرەی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو دوێنێ لە هەولێر 540.7 ملیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا تاوەکو هەمان رێککەوتی پار 334.6 ملیمەتر باران باریبوو. لە سلێمانیش 618 ملیمەتر باران باریوە؛ ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 608.7 ملیمەتر باران باریبوو.
 
هەروەها لە دهۆک 740.7 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا پار تاوەکو هەمان رێککەوت 303.4 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە هەڵەبجەش 677.2 ملیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا پار تاوەکو هەمان رێککەوت 416.5 ملیمەتر باران باریبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''