رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، گرتنەبەری رێکارەکان بەرامبەر پاڵاوگە نایاساییەکان بەردەوام دەبێت و 18 خاوەن پاڵاوگە دەستگیرکراون. گوتیشی، رێژەی سەوزایی لە سنووری هەولێر نزیک بووەتەوە لە 20٪.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-02-2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی پرسی ژینگە و چەند تەوەرێکی دیکە قسەی کرد و رایگەیاند، ''گرتنەبەری رێکارەکان بەرامبەر ئەو کەسانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بەردەوام دەبێت.''
لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاماژەی دا، ''پلانێکمان هەیە بۆ گواستنەوەی پاڵاوگەکان بۆ دەرەوەی شارەکان و شوێنێکی تایبەتیان بۆ دەستنیشان دەکرێت، ئەوانەی مەرجیان تێدایە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان مۆڵەتیان پێدەدات، چونکە بەشێکن لە ئابووریی وڵاتەکەمان.''
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوەی کە ئێستا گرنگە لای ئێمە، گرتنەبەری رێکارەکانە بەرامبەر ئەو پاڵاوگانەی کە بەشێکن لە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و بەردەوام دەبێت.''
138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، ''لەو ماوەیەدا 59 پاڵاوگە داخراون و ئەوانەی کە رێگەیان پێدراوە کارەکانیان دەستپێبکەنەوە، بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە و گرفتەکانی خۆیان چارەسەر کردووە.''
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، تاوەکو ئێستا 28 خاوەن پاڵاوگەی سەرپێچیکار دەستگیر کراون و تاوەکو ئێستا لە زیندانن.
بەگوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن کە هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە. ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، 145 خاوەن موەلیدە ئاگادار کراونەتەوە و بەڵێننامەیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی موەلیدەکانیان لێ وەرگیراوە.
گوتیشی، ''9 خاوەن موەلیدە بە پێبژاردن سزا دراون، حەوت خاوەن موەلیدە لە سەرپێچییەکان بەردەوام بوون کە رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، ئاگادار کراونەتەوە و ئێستا دۆسیەکانیان لە دادگەیە و بێگومان دەستگیر دەکرێن.''
هاوکات پێنج کارگەی شیش ئاگادار کراونەتەوە و بەڵێننامەیان لێوەرگیراوە کە گرفتەکانیان چارەسەر بکەن. پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ''بەشێکیشیان چارەسەریان کردووە، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بن، بێگومان ئەوانیش رووبەڕووی دادگە دەکرێنەوە.''
لە چوارچێوەی هەنگاوەکان بۆ خاوێنکردنەوەی ژینگەی هەولێر، کەبابخانە و چێشتخانەکانیش ناچار کراون فلتەری دووکەڵ دابنێن. ئومێد خۆشناو لەوبارەوە گوتی، ''ئەگەر لە ماوەیەکی کورتدا پابەندی رێنماییەکانی ژینگە نەبن، شوێنەکانیان دادەخرێن و خاوەنەکانیشیان رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.''
دانیشتووانی قەزای خەبات گلەیی لە دووکەڵکردنی وێستگەی کارەبای هەڵمیی سنوورەکە دەکەن. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی دا، ''ویستگەکە حکومییە و هۆکارێکی گرنگە بۆ پیسبوونی ژینگە، بۆیە پڕۆسەی تەندەرینی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی بەپێی رێنماییەکانی ژینگەپارێزی دروست بکرێتەوە.''
گرتنەبەری رێکار بەرامبەر ئەو ئۆتۆمبێلانەش بەردەوامە کە بەهۆی دووکەڵی زۆرەوە هۆکارن بۆ پیسبوونی ژینگە. ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد، دەست بەسەر 140 بارهەڵگر، 151 پیکاب و 50 ئۆتۆمبێلی تایبەتدا گیراوە، کە مەرجەکانی پاراستنی ژینگەیان تێدا نەبووە.
هاوتەریب لەگەڵ رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ژینگە، وەکو پارێزگاری هەولێر دەلێت، بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە ساڵی 2024، 131 هەزار و 270 دار و 65 هەزار و 814 گوڵی جۆراجۆر لە سنووری پارێزگاکە چێندراون.
گوتیشی، ''ئێستا کار لەسەر شەش پڕۆژەی گەورەی پارک و سەوزایی دەکرێت کە بە تەوابوونیان دەگەینە قۆناخێکی دیکەی پارێزگاریکردن لە ژینگە.''
بەگوتەی ئومێد خۆشناو، رووبەری هەر شەش پڕۆژەکە پێکەوە 500 هەزار مەتر دووجایە کە دەکاتە 200 دۆنم زەوی و 53 هەزار داریان تێدا دەچێندرێت کە لە داهاتوودا کاریگەریی ئەرێنیان لەسەر ژینگە دەبێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی دا، بەگوێرەی داتا و ئامارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ''ئێستا رێژەی سەوزایی لە هەولێر، نزیکە لە 20٪ـی رووبەری گشتیی پارێزگاکە؛ رێژەیەکی باشە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە.''
ئومێد خۆشناو لە درێژەی قسەکانیدا باسی شێڵتەرەکەی سەگی بێلانەی هەولێری کرد و گوتی، ''لەو ماوەیەدا کە شێڵتەرەکە دەستبەکار بووە، 14 هەزار و 334 سەگی بێلانە گواستراونەتەوە ئەوێ و تێیدا بەخێودەکرێن.''
ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دروستکراوە، دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر- گوێڕ و رووبەرەکەی 20 دۆنمە و توانای لەخۆگرتنی نزیکەی 10 هەزار سەگی هەیە؛ لە شێڵتەرەکەشدا زیاتر لە 36 جێگە بۆ حەوانەوەی سەگەکان دابینکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەموو رۆژێک پزیشکی ڤێتێرنەری لە شێڵتەرەکە ئامادەیە و بەگوێرەی پلانێک سەگەکان نەزۆک دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ