رووداو - دهۆک
رۆژی یەکشەممە 2021/02/14 رۆژی ڤالنتاینە لە جیهان و کوردستان، دۆست و هاوڕێ و خێزان سوورگوڵێک دەکەنە دیاریی ئەوانەی خۆشیان دەوێن. لە دهۆک دووکانەکانی گوڵفرۆشی پڕ لە گوڵی سوور کراون و، گوڵفرۆشێک دەڵێت زیاتر لە پێنج هەزار گوڵی بۆ ڤالانتاین هێناوە.
نەمامگەیەکی گوڵ کە یەکێکە لە گەورەترین پرۆژەکانی گوڵی سرووشتی لە کوردستاندا و 105 هەزار گوڵی تێدایە، رۆژانە دەتوانێت 17 هەزار گوڵ بخاتە بازاڕەوە.
سدقی ئیبراهیم، خاوەنی نەمامگەی گوڵە و دەڵێت: "پێش ڤالانتاین مانگێک و نیو بۆ دوو مانگ خواستێكی زۆر لەسەر گوڵ هەبوو، ئیتر پێویستمان بەوە بوو و زۆربەی دووکاندارەکانیش پێویستیان پێ بوو، لەبەر ئەوە نەمانتوانی گوڵەکان لێ نەکەینەوە."
لەگەڵ نزیکبوونەوەی 14ی شوبات رۆژی جیهانیی خۆشەویستان خواست لەسەر گوڵ و بەتایبەت گوڵی سوور زیاد دەبێت. ئیتر گوڵخانە و نەمامگەکانی هەرێمی کوردستان دەست بە ئامادەکاری دەکەن.
لە دهۆک 33 گوڵفرۆش هەن کە بۆ ڤالانتاین هەر یەکەیان پێنج بۆ 10 هەزار گوڵیان ئامادە کردووە کە بایی نزیکەی 33 هەزار دۆلارە.
پێدرام جەنگیز، گوڵفرۆشە و دەڵێت: "ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار گوڵی سوور و هەزار گوڵی رەنگاوڕەنگمان هێناون. لە ئێرانەوە بۆمان هاتووە. ئەگەر پار 10٪ی خەڵک گوڵیان کڕیبێت، ئەمساڵ 15٪ بۆ 17٪ دەیکڕن."
بە گوێرەی داتای بازرگانانی گوڵ، ساڵی 2020 سەرەڕای داخستنی سنوور لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە 12 ملیۆن نەمام، درەختی جوانی و گوڵی سرووشتی بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە کراون. بەوەیش بەراورد بە ساڵی 2019 نزیکەی 65٪ هاوردە زیاد بووە.
حوسێن حەمەکەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی پارێزگاکان کردووە کە وا ئەو نەمامگایانەی خۆیان ناتوانن بەڕێوەیان ببەن، خۆیان بیاندەن بە کەرتی تایبەت. ئامانجی ئێمە کەمکردنەوەی هاوردەکردنی گوڵ و نامەمە بە هەموو جۆرەکانیانەوە."
هەرچەندە ئاماری فەرمی لە بەردەستدا نییە، بەڵام سێ کۆمپانیا و زیاتر لە 10 سەرمایەدار گوڵ لە دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ