رووداو دیجیتاڵ
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، سەرجەم کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکان لە ''قەیرانی ئێستای هەرێمی کوردستاندا بەشدارن." شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلیش بە ''هیستیریائاسا'' ناو دەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-10-2023 مەلا بەختیار، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە 26ـەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی گەلاوێژ لە سلێمانی کە بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت، رایگەیاند، ئەو پێویستییانەی لە ئەوروپا بنەمای سەرکەوتن و بەردەوامیی ئازادی بوون، تائێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا نابیندرێن.
فێستیڤاڵەکە لەژێر دروشمی ''ئازادی بەردەوامە'' بەڕێوەدەچێت، مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لە 20 فێستیڤاڵی گەلاوێژ دروشمی ئازادیی تێدایە، گوتیشی، ''ئێمە بە ئامانجی جۆراوجۆر دەستەواژەی ئازادی دەکەینە دروشم.''
مەلا بەختیار گوتی، یەکێک لە بنەماکانی گەیشتن بە ئازادی لە ئەوروپا یەکخستنەوەی زمان، بازاڕ و دەسەڵات بوو کە سەرجەمیان بوون بە نیشتمانی، ''بەڵام نە هێزی پێشمەرگە، نە بازاڕ و نە زمان لە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو نین.''
هەر لەوبارەیەوە مەلا بەختیار زیاتر روونیکردەوە، ''تەنانەت بنەماکانی سیستمێکی حوکمڕانی بۆئەوەی ببێتە بنەمای لەدایکبوون و بەردەوامیی ئازادی لە کوردستان تائێستا بوونی نییە، روونیشە کاتێک هێز، زمان و دەسەڵات یەکناخرێت، دەبێتە کۆسپ لەبەردەم دیموکراسیدا.''
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لەبارەی جوگرافیای ئەدەبی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە 95%ی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا، نووسەران لە دۆخی هەرێمی کوردستان ناڕازین، ''هەموومان تێوەگلاوین و بەر نەشتەری رەخنە دراوین، کەوتووینەتە بەر کۆمەڵێک شاڵاوی ئەدەبی لە رۆمان، شیعر و چیرۆکەکاندا کە هۆکارەکەشی ئەم دۆخەی حوکمڕانی، ئابووری، سیاسی، پاشەکەوتی مووچە، نەبوونی مووچە، شکستی پڕۆژەی ئابووری و ئەم دۆخەیە کە بەسەر کوردستاندا هاتووە.''
مەلا بەختیار رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی، ''نزیکەی 31 ساڵە حکومەتمان هەیە، ئێمە زیاتر لە 30 ملیار دۆلار قەرزدارین و تازە لە حکومەتدا بیر لەوە دەکەنەوە کە چەقی چارەسەری [کێشەکان] بەغدایە و بەبێ بەغدا دابینکردنی مووچە مەحاڵە.''
ئەو سیاسەتمەدارەی کورد پێیوایە سەرجەم حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە کە ''بۆچی تاوەکو ئێستا دەستوور جێبەجێ نەکراوە و رێککەوتننامەکان جێبەجێ ناکرێن، بۆچی کورد و کوردایەتی ناچارکراوە جارێکی دیکە بچێتەوە بۆ پایتەخت؟''
مەلا بەختیاری هۆشداری دەدات کە خەریکە سەرلەنوێ حکومەتی ''مەرکەزی'' لە بەغدا دروست دەبێتەوە، ''لەکاتێکدا پایتەخت لە دوای رووخانی سەدام بە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییە کوردستانییەکان نەبووایە، نە ئەو حکومەتەی بە ئاسانی پێ دورست دەکرا، نە ئەو دەستوورە دەنووسرا، نە ئەو سیستەمەش [فیدراڵی] لە عێراق بەڕێوەدەچوو.''
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئێستا لە هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دۆخێکی زۆر نالەبار دەبیندرێت کە ''ئەمە کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر نووسەرەکانمان، ئازادی، دیموکراسی و مەدەنییەتمان هەیە.''
مەلا بەختیار هەموو لایەن و کەسایەتییەکیان بە بەرپرسیار دەزانێت لەو ''قەیرانەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە'' و دەڵێت، ''کەس ناتوانێت خۆی دەرباز بکات لەو قەیرانەی لە کوردستاندا هەیە، هەموو حیزبەکان بەرپرسیارن بەڵام حیزبی دەسەڵاتدار زیاتر.''
مەلا بەختیار گوتی، لە هەرێمی کوردستان ژمارەی گەندەڵکاران زیاتر لە (هەزاران) کەسن، ''ئەوە لەکاتێکدا کەسیش بەهۆیەوە سزا نادرێت و نەمانبینی دوو کەس بدرێنە دادگە.''
''شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل شەڕێکی هیستیریا ئاسایە''
بەیانیی رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند، تاوەکو دوای نیوەڕۆ نزیکەی "5000" مووشەکی ئاراستە کردن. دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس روویدا.
مەلا بەختیار شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە شەڕێکی ''هیستیریا ئاسا'' ناو دەبات و دەڵێت، ''نە ئیسرائیل دەست لە بێتاوان دەپارێزێت، نە حەماس، ئەوەندە دیمەنی ناشرینی حەماسەکان بینرا، تەنانەت برای بەڕێز، مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین (ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی) گوتی، خۆزگە برا موسڵمانەکانمان رێز لە ژن، منداڵ و خەڵکی دیل بگرن، ئەوە یانی رێزیان نەگرتوون.''
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ناچێتە خانەی رزگاریخوازییەوە و دژکردەوەکەی ئیسرائیلیش بەرگریکردن لە خۆیان نییە، گوتیشی، ''ئەو جۆرە خەباتە چەکدارییە نەک لە فەلەستین بەڵکو لە سەرانسەری دونیا کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.''
وڵاتانی عەرەبی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فەلەستین بە هێمای ئازدایخوازی پێناسە دەکەن، بەگوتەی مەلا بەختیار، ستەمێکی گەورە لە کوردستان کراوە، ''بە رووپێو کوردستان گەورەترە، قوربانیی زیاتری داوە، کوردستانیش خۆڕاگرە، کە چی بەداخەوە عەرەب وایان کردووە ناونیشانی سەرەکیی ئازادیخوازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە فەلەستین، لەکاتێکدا بەشەکانی کوردستانیش گرنگن، ستراتیژین و چارەنووسسازن بۆ دیموکراسی.''
بڕیارە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە سپۆنسەریی تۆڕی میدیایی رووداو لە سێ رۆژدا بەڕێوەبچێت کە پانێڵی جیاجیا لەخۆ دەگرێت.
''هیوادارم سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی سەرکەوتوو بن''
هەر لە پەراوێزی فێستیڤاڵەکە، مەلا بەختیار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەگەری وەرگرتنی پۆستی نوێ لە یەکێتیدا و ئەنجامی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە کە رۆژی 27-09-2023 دەستیپێکرد و پێنج رۆژی خایاند گوتی، ''یەکەم مەلا بەختیارم و دووەم هیوادارم سەرکەوتوو بن''.
''تێنەگەیشتن بۆ بایەخی فێستیڤاڵەکان هەیە''
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، ''تا مام جەلال مابوو و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو، پاڵپشتییەکی گەورە بۆ فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەبیندرا، بەڵام دوای ئەوە پاشەکشێ نەک هەر لە پاڵپشتییەکان ئەم چالاکییە، بەڵکو بۆ زۆر چالاکیی دیکەش بینرا."
پێشتر بڕیار بوو میدیای کوردسات سپۆنسەری فێستیڤاڵەکە بکات، بەڵام دواتر لە پاڵپشتیی چالاکییەکە پاشگەز بووەوە و تۆڕی میدیایی رووداو بوو بە سپۆنسەر، ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی هۆکاری پاڵپشتینەکردنی فێستیڤاڵەکە بۆ قەیرانی دارایی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ''بەشێک لە هۆکارەکان سیاسی، ئیداری و باش تێنەگەیشتن لە بایەخی فێستیڤاڵەکانە.''
''دەبێت نێوماڵی کورد یەکبخرێتەوە''
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوای ئەوە دەکەن بۆ چارەسەری کێشەی دارایی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستا بخرێتە سەر بەغدا، مەلا بەختیار لەوبارەوە گوتی: ''دەبێ سەرەتا لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن، لە حکومەتدا رێکبکەون و بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا پڕۆژەیەکی ستراتیژیی نوێیان هەبێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەیە سوودی نەبوو، ئەو کاتە بیر لەوە بکرێتەوە مووچە بخرێتە سەر بەغدا.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ