محەممەد حاجی مەحموود: بۆ چارەسەری کێشەکان دەبێ لە بەغدا کورد بە عێراقی بزاندرێت

12-10-2023
پەیمان محەممەد
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی محەممەد حاجی مەحموود.
کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی محەممەد حاجی مەحموود.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەڵێت، سەروەریی عێراق بەردەوام پێشێل دەکرێت و حکومەت ناتوانێت رێگری لێ بکات. ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کاتێک لە بەغدا کورد بە عێراقی بزاندرێت، کێشەکانی نێوان دوو حکومەت چارەسەر دەکرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12-10-2023، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە پەراوێزی فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەگەر ئیرادە هەبێت و بەغدا رەچاوی ئەوە بکات کە کورد لە چوارچێوەی عێراقدایە، رەنگە چارەسەری کێشەکان بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستا کورد لە بەرنامەی عێراقدا بە عێراقی نازانرێت.''
 
محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە رێگریکردنی گەشەسەندنی بواری خزمەترگوزاری، سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ''تەنانەت [لە بەغدا] رێگە نادەن بەروبوومی کوردستان بچێتە خوارووی عێراق، واتە ئەوان کورد بە عێراقی نازانن، ئێمە لەکاتی شەڕی داعشدا بودجەمان بۆ موسڵ و تکریت دەنارد، بەڵام ئێستا ئەوان ئامادە نین مووچە بۆ پێشمەرگە و کورد بنێرن. هەرکاتێک کوردیان بە عێراقی زانی، ئەو کاتە رەنگە کێشەکان چارەسەر بکرێن.''
 
بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داوای ئەوە دەکەن بۆ چارەسەری کێشەی دارایی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستا بخرێتە سەر بەغدا، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەوبارەوە گوتی، ''ئەوە جێبەجێ ناکرێت، چونکە لای بەغدا کورد پێنج ملیۆنە و لای ئێمە زیاتر لە شەش ملیۆن کەسە، لای بەغدا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان 600 هەزار کەسە، بەڵام لای ئێمە ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆرە، لەبەر ئەوە بەپێی دەستووری عێراقی ئاسان نییە بەغدا ئەوە جێبەجێ بکات.''
 
لە 3ـی نیسانی 2023ـیەوە کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە، ئەوەش لەچوارچێوەی ''چڕبوونەوە''ی چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی. محەممەد حاجی مەحموود ئاماژەیدا، بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، دەبێ لێکتێگەیشتن لە نێوان تورکیا و یەکێتی هەبێت و گوێ لە داوای هەردوو لا بگیرێت، بۆ ئەوەی بە رێککەوتن بگەن، ''چونکە تورکیا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی مام جەلالەوە پەیوەندییەکانیان دەستیپێکردووە و ئێستا پێویستە بۆشاییەکانی ئەم پەیوەندییانە بدۆزرێنەوە.''
 
سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، بۆردوومانەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان زیاتر پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە، ''چونکە عێراق زۆرجار باسی هەبوونی سەروەری دەکات، بەڵام سەروەرییەکانی لە زەوی و ئاسمانەوە پێشێل دەکرێن و کەسیش رێگری لێ ناکات.''
 
هەر لە درێژەی بۆردوومانەکانی تورکیا بە پاساوی بوونی ئەندامانی پەکەکە لە سلێمانی، رۆژی دووشەممە 18-09-2023، بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت کە لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگەی دژەتیرۆری کوردستان "شەهیدبوون" و سێ ئەندامی دیکەش برینداربوون.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کرێکارێک لەکاتی کارکردندا لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزیری کاری عێراق: کار بۆ زیادکردنی مووچەی کرێکاران دەکەین

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت تۆمارکراون 10٪ تێناپەڕێت. دەشڵێت، قەرزی پڕۆژەی بچووک و کەمترین مووچەی کرێکاران زیاد دەکەن.