ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تۆمەتبارانی کوشتنی هاوکار جاف ئاشکرا دەکات

12-10-2022
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کردەوە "تیرۆریستییەکەی" رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2022ی گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێری بڵاوکردەوە کە تێیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاریی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەناوی هاوکار عەبدوڵڵا رەسوول گیانی لەدەستدا، هاوکات لەگەڵ ئەویش چوار سەرنشینی دیکە کە پێکهاتبوون لە هاوژینی و دوو منداڵەکەی و خوشکێکی بریندار بوون.
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو کردەوەیە 6 تۆمەتباریان دەستگیرکردوون، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان دەرکەوتووە "ئەم کردەوە تیرۆریستییە لەلایەن تیمێکی دژە تیرۆری سلێمانی ئەنجامدراوە بە فەرمانی راستەوخۆی (وەهاب مەجید باقی، ناسراو بە وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژە تیرۆری سلێمانی) و (کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگری دژە تیرۆری سلێمانی)."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تیمەکە پێکهاتوون لە "10 تۆمەتبار کە ئەفسەر و کارمەندی دژە تیرۆری سلێمانین و بریتین لە؛ تیمی چاودێری بەسەرپەرشتی تۆمەتباری دەستگیرکراو (یاسر فەیسەڵ حوسێن، بەرپرسی وێستگەی دژە تیرۆری سلێمانی لە هەولێر) لەگەڵ 5 تۆمەتبار لە تیمی چاودێری کە دەستگیرکراون بەناوەکانی (سەرمەند نەجمەدین رەشید، ئەحمەد فەیسەڵ حوسێن، عەلی هاشم ئەحمەد، رەنجدەر ئیسماعیل نەجم و عەلی حوسێن شوکر)".
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان "تیمی جێبەجێکاری کردەوە تیرۆریستییەکە پێکهاتوون لە تۆمەتبار (لوئەی محەممەد رەزا، فەرماندەی فەوجی دژە تیرۆری سلێمانی لە گەرمیان) و ئەندامانی تیمی جێبەجێکار بریتین لە ئەفسەران و کارمەندان (دڵشاد زیاد ئەحمەد، ناسراو بە دانی، عاسی رەشید حوسێن و وریا خالید عەلی)".
 
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە چالاکیی تیمەکە دەدات کە چۆن چاودێری عەقید هاوکاریان کردووەو چۆن بۆمبەکەیان بە ژێرەوەی ئۆتۆمبێلەکە کردووە و دەڵێت: "تۆمەتباران هەڵساون بە بەکارهێنانی چوار ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی تۆیۆتا لاندگرۆزەر رەنگی رەش، جێب لاریدۆ رەنگی رەش، شۆفرلێت ئۆپترا رەنگی سپی، تۆیۆتا لاندگرۆزەر رەنگی سپی، لە رێکەوتی 03-10-2022 تاوەکو 06-10-2022 بە بەردەوامی چاودێری ماڵ و هاتووچۆکانی عەقید هاوکاریان کردووە لەگەڕەکی سەربەستی/ 32ی پارک."
 
ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژە بەوەش دەکات، "تاوەکو لە رێکەوتی 07-10-2022 کاژێر 02:51 خولەکی بەرەبەیان هەڵساون بە لکاندنی بۆمب بەژێرەوەی ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا لاندگرۆزەر رەنگی سپی تایبەت بە عەقید هاوکار لەبەردەم ماڵی خۆی و بەردەوام دەبن لە چاودێرکردنی ماڵ و ئۆتۆمبێلی. لە کاژێر 01:05 خولەکی پاش نیوەڕۆ عەقید هاوکار لەگەڵ بنەماڵەکەی سواری ئۆتۆمبێل بوون و تۆمەتبارەکان بە ریمۆت کۆنترۆڵ ئۆتۆمبێلەکەیان تەقاندووەتەوە".
 
 
ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت: "دوای کردەوە تیرۆریستییەکە، تۆمەتباران (لوئەی محەممەد رەزا، دڵشاد زیاد ئەحمەد، عاسی رەشید حوسێن و وریا خالد عەلی) شاری هەولێر جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە سلێمانی".
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات ئەوان لەسەر فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر "بەپێی تایبەتمەندیی شوێنی رووداو، داوامان لە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی کردووە کە ئەو تۆمەتبارانە رادەستی دەزگا ئەمنییەکانی هەولێر بکەن".
 
دواتر دژە تیرۆری سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەتووندی چەواشەکارییەکانی دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان رەتدەکاتەوە کە گوایە ئەفسەرانی دژەتیرۆر تاوانبارن لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف." 
 
دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی دەڵێت، "ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەربەلایەنێکی پیلانگێری دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان  ونکردووە و لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات."
 
لە دانپێدانانی یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە کەسێک بەناوی یاسر فەیسەڵ حوسێن دەڵێت: لە ساڵی 2021ـەوە "عەقید هاوکار لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، پێش 7 مانگ من لە شوێنەکەی دانرام. لە مانگی 7 تاوەکو مانگی 9 سێ جار بانگکراین بۆ سلێمانی کۆبووینەوە لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی و موقەدەم کارزان، بەرپرسی هەواڵگریی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەژی ئەمین-مان کرد کە دەبێت چاودێریی بکەین و شوێنەکانی دەستنیشان بکەین".
 
بە گوتەی یاسر فەیسەڵ حوسێن دوای ئەوەی هەموو ئەو شوێنانە دەستنیشان دەکەن کە ئەژی ئەمین بۆی دەچێت: "راپۆرتێکمان بەرزکردەوە بۆ موقدەم کارزان، لە 29-09-2022 کارزان تەلەفۆنی بۆ کردم و ئێمەی بانگکرد بۆ سلێمانی و لەگەڵمان کۆبووەوە، لەگەڵ من و تیمەکەم باسی عەقید هاوکار کرا و گوتی بابەتی ئەژی ئەمین بەشێوەیەکی کاتی رابگرن و لەسەر بابەتی عەقید هاوکار کار بکەن. دوای ئەوەی گەڕاینەوە بۆ هەولێر موقەدەم کارزان تەلەفۆنی بۆ کردم و پێیگوتم بەنهێنی کار لەسەر عەقید هاوکار بکە بە مەبەستی تەسفیەکردنی".
 
یاسر فەیسەڵ حوسێن لە دانپێدانانەکەدا بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "لە 03-10-2022 وەهاب هەڵەبجەیی و موقەدەم کارزان تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان کوڕێکت بۆ رەوان دەکەین بۆ هەولێر بڕۆن دەستنیشانی ماڵی هاوکار بکە، هەمان رۆژ کوڕێک تەلەفۆنی بۆ کردم کە ناوی عاسی رەشیدە، هات لە تەنیشت مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر رێگەی کەرکووک، بە ئۆتۆمبێلی خۆم چووم کە لە جۆری لاندکرۆزەر 2019ـەیە رەنگی سپییە، عاسیم هەڵگرت و چووینە 32ی پارک و دریم ستی هەردوو خانووەکەی عەقید هاوکارمان نیشاندا". 
 
یاسر فەیسەڵ دەشڵێت، "دواتر عاسی رەشیدم بردە گەڕەکی ئیسکان و لە نزیک ترافیک لایت هێنامە خوارەوە. کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە موقەدەم کارزان تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی گوتم هیچ پەیوەندییەکت بە بابەتی هاوکار نەبێت تاوەکو من پێت دەڵێمەوە. رۆژی هەینی کاتێک هەواڵی کوشتنی عەقید هاوکارم پێگەیشت تەلەفۆنم بۆ موقەدم کارزان کرد پێمگوت کە عەقید هاوکار کوژرا.. من بێمەوە بۆ سلێمانی یان چی بکەم؟ گوتی تۆ لە ماڵی خۆت بمێنەوە. دواتر تەلەفۆنم بۆ تیمەکەی خۆم کرد کە پێکهاتوون لە سەرمەند نەجمەدین رەشید، ئەحمەد فەیسەڵ حوسێن، رەنجدەر ئیسماعیل نەجم و عەلی هاشم ئەحمەد هاتنە ماڵی من و کۆبوونەوەم لەگەڵیان کرد، دواتر هێز ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەم و شەڕە تەقە لە نێوانمان دروستبوو پاشان دەستگیرکراین".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە