رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تویتێکدا داوا لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەکانی دیکە دەکات لەسەر بەڵێنەکانی خۆیان بن، وەکو ئاماژەیەک بۆ دەنگدان بە بەربژێرەکەی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار؛ ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری پارتییش دەڵێت، "ئیماندار دوو جار لە کونێکەوە پێیانەوە نادرێت."
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و ئەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 13-10-2022 بۆ ئەو مەبەستە بکرێت، تویتێکی کرد.
لە تویتەکەیدا بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، "برا بەڕێزەکانمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانەکانی دیکەمان، بەناوی برایانتان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، ئەوانەی بەردەوام لە قورسترین و ناهەموارترین دۆخەکاندا لەگەڵتان بوون، داواتان لێدەکەین بەو شێوەیە بن کە لەگەڵتاندا راهاتووین."
لە کۆتایی تویتەکەیدا سەرۆکی یەکێتی نووسیویەتی، "بڕواداران لەسەر بەڵێنی خۆیانن."
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاژێر و خولەکەکان، هەموو چاوەکان دەچنە سەر ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە رێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر یەک بەربژێر، پەرلەمان ئەو پۆستە بۆ یەکێک لە دوو لایەنە کوردستانییەکە یەکلایی بکاتەوە.
هێشتا چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە گەورەترین فراکسیۆنی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە دەنگ بە کام بەربژێر دەدەن، هێشتا هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی هیچکام لە بەربژێرەکانی یەکێتی و پارتی نیشان نەداوە، بەشێک لە پەرلەمانتارەکانی چوارچێوەکەش ئەو هاوپەیمانێتییە لەبارەی دەنگدان بە بەربژێرەکانی یەکێتی و پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بوون بە دوو بەشەوە.
هەروەها عەرەفات کەرەم، ئەندامێکی شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەمڕۆ چوارشەممە 12-10-2022، لە تویتێکدا فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلامی (د.خ) بە نموونە هێناوەتەوە کە دەڵێت، "مرۆڤی ئیماندار دوو جار لە یەک کونەوە پێوەی نادرێت."
دوای نزیکەی 10 مانگ لە ناکۆکی و دانوستاندن، دواجار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر چوونە پەرلەمان بە یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئێستاش هەردوولا دەستیان بە بەربژێری خۆیانەوە گرتووە، ئەمڕۆش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی رایگەیاند، بەرهەم ساڵح، بەربژێری فەرمیی حیزبەکەیە.
رۆژی 11ـی تشرینى یەکەمى 2022 محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کۆبوونەوەى پەرلەمانى بۆ 13ى تشرینى یەکەمی 2022 هەڵگرت و رایگەیاند، "کۆبوونەوەى 13ى تشرینى یەکەم، یەک بڕگە دەبێت کە هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارە."
10ى تشرینى یەکەم 170 ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە زۆرینەیان سەر بە هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە بوون، داواکارییەکیان پێشکێش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد بۆئەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار کۆببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ