رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری شائابادی کرماشان دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لە تەقینەوەکەی رۆژی یەکشەممە لەو شارە گیانیان لەدەستدا بۆ 4 کەس بەرزبووەوە، 8 کەسیش بریندارن.
حەمیدڕەزا کەرەمی، قایمقامی شائاباد رایگەیاند، لە گەرەکێکی شارەکە خانوویەک تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە چەند خانوویەکی دیکە بە تەواوی داڕماون و زیان گەیشتووەتە ژمارەیەک خانووی دیکەش.
حەمیدڕەزا کەرەمی گوتی، ژمارەی گیانلەدەستدراوانی رووداوەکە بۆ 4 کەس بەرزبووەتەوە و 8 کەسیش بریندارن. تاوەکو ئێستا کەسێک بە زیندوویی لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە لەژێر دارووپەردووی خانووە رووخاوەکان دەرهێنراوە و بۆ نەخۆشخانە گوێزراوەتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، قایمقامی شائاباد دەڵێت، "هێشتا وردەکاری و زانیاریی تەواو لەبەر دەست نییە و پێویستە چاوەڕێی لێکۆلێنەوەی زیاتر بین."
محەممەدباقر محەممەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشانیش دەڵێت، تیمەکانیان بە زیاتر لە 50 کەسەوە لە شوێنی رووداوەکەی شائابادن و هەوڵی دەرهێنانی کەسانی دیکە لە ژێر دارووپەردووی خانووە رووخاوەکان دەدەن.
محەممەدباقر محەممەدی گوتیشی، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدراو و برینداران هەیە.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، کاژێر 14:39 خولەکی دوانیوەڕۆ لە شەقامی ئەوینیی گەڕەکی وەلیعەسری شاری شائابادی سەر بە پارێزگای کرماشان و لە نزیک بەڕێوەبەرایەتیی خۆشبژیویی شارەکە، خانوویەک تەقییەوە و بەهۆیەوە دوو خانووی دیکەش بە تەواوی داڕمان و زیانێکی زۆر گەیشتە ژمارەیەک خانووی دیکە و ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیان.
میدیای فەرمیی ئێران و بەرپرسانی ناوچەکە دوێنێ رایانگەیاند، رووداوەکە بەهۆی دزەکردنی گاز لە بۆرییەوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ