کوردستان
ژمارەیەک زیارەتکاری شیعە لە دەروازەی حاجی ئۆمەران. وێنە: پەیجی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران
رووداو دیجیتاڵ
چوونی زیارەتکارانی خەڵکی ئێران بۆ کەربەلا بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد. زیارەتکارەکان لە هەرێمی کوردستان خواردن و خواردنەوە، خزمەتگوزاریی تەندروستی، ئینتەرنێت و شوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین دەکرێت.
ئەم ساڵ لە هەردوو دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و باشماخەوە زیارەتکارانی خەڵکی ئێران دەچنە کەربەلا. لە هەردوو دەروازەکەوە هاتنی زیارەتکاران دەستیپێکردووە. تەنیا لە حاجی ئۆمەرانەوە پێشبینیی هاتنی 300 هەزار زیارەتکار دەکرێت.
دەروازەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێرە و بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای پێکهێناوە. مەسعود باتێلی، سەرۆکی لیژنەکە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی وەزارەتەکان لە لیژنەکەدا بەشدارن، لەوانە وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و دەستەی گەشتوگوزار."
4500 پاس زیارەتکاران دەگوازنەوە
دوای گەیشتنی زیارەتکاران، چوار وێستگە دیاریکراون بۆ پشوودانیان. وێستگەی یەکەم لە حاجی ئۆمەرانە؛ وێستگەکانی دیکەی پشوودان لە کانی ماران لە سنووری سۆران، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بازگەی شێراوا دەبن.
سەرۆکی لیژنەی باڵای پێشوازی لە زیارەتکاران گوتی، دەزگای خێرخوازی بارزانی بێ بەرامبەر خواردن، چا، ئاو، شەربەت، ئەمبوڵانس و تانکەری ئاو بۆ هەموو زیارەتکاران دابین دەکات.
لە حاجی ئۆمەرانەوە بۆ هەولێر 2 هەزار و 500 پاس و مینی پاس بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران دابینکراون. هەروەها لە هەولێرەوە بۆ کەربەلا 2 هەزار پاس و مینی پاس دابینکراون.
باتێلی: رۆژانە دەتوانین پێشوازی لە 50 هەزار کەس بکەین
خاڵەکانی مۆرکردنی پاسپۆرت لە دەروازەی حاجی ئۆمەران بۆ 58 کۆمپیوتەر زیادکراون. مەسعود باتێلی کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی دەروازەکەیە گوتی، "لە یەک کاتدا 58 پاسپۆرت مۆر دەکرێن و هەڵگرەکانیان دەتوانن بێنە نێو هەرێمی کوردستانەوە. توانامان هەیە رۆژانە پێشوازی لە 50 هەزار زیارەتکار بکەین."
ئەو قەزا و ناحییانەی دەکەونە سەر رێگەی زیارەتکاران ئاگادارکراونەتەوە بەشێک لە دامودەزگاکانیان 24 کاژێر لە ئەرکدا بن، بەتایبەت نەخۆشخانەکان. مەسعود باتێلی گوتیشی، تیمی فڕۆکەوانی هاتووچۆی هەولێریش لە ئەرکدا دەبێت؛ هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان ئینتەرنێتی بێ بەرامبەر بۆ تەواوی زیارەتکاران دابین دەکات.
لایەنی ئێرانی بە بەرپرسانی حاجی ئۆمەرانیان گوتووە، پێدەچێت نزیکەی 300 هەزار زیارەتکار لە دەروازەکەەوە گەشت بکەن.
دەروازەی باشماخ: رێڕەوی زیارەتکاران و گەشتیاران جیاکراوەتەوە
هەروەها دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوێنێ پێشوازی لە یەکەم کاروانی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن کراوە و تەواوی ئامادەکارییەکانیان بۆ پێشوازی لە هەموو زیارەتکاران تەواو کردووە.
دەروازەکە دەڵێت، لەسەر ئەرکی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شوێنی پشوودان، خواردن و خواردنەوە و پاس بۆ گەیاندنی زیارەتکاران بە سلێمانی بێ بەرامبەر دابینکراوە.
یەکێک لە رێکارەکانی پێشوازی لە زیارەتکاران لە دەروازەی حاجی ئۆمەران راگرتنی هاتووچۆی پاسی گەشتیاری و ئۆتۆمبێلی تایبەتە، بەڵام دەروازەی باشماخ دەڵێت، هاتووچۆی گەشتیاری بە ئۆتۆمبیلی تایبەتیش ئاساییە و رێڕەوی زیارەتکاران لە گەشتیاران جیاکراوەتەوە.
چلەی ئیمامی حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت و ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئاب.
سەیید کەمال هادیانفەڕ، سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە رێورەسمی چلەی ئیمام حسێن لە وەزارەتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران دەڵێت، "ئەم ساڵ بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن چوار ملیۆن و 600 هەزار هاووڵاتیمان روو لە عێراق دەکەن کە 62%یان بە رێگەی وشکانی و 38%یش لە رێگەی فڕۆکەوە گەشتەکە دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ