نان لە کرماشان 25% گران دەکرێت

12-08-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی سەندیکای نانەواخانەکانی کرماشان دەڵێت، بڕیاری گرانکردنی نان لەو پارێزگایە بە رێژەی 25% دراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە هەفتەی داهاتووەوە بڕیارەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
نەورۆز عەزیزی، سەرۆکی سەندیکای نانەواخانەکانی کرماشان رایگەیاند، چەندین ساڵە لە پارێزگاکەدا هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی ناندا نەکراوە، لەکاتێکدا تێچووی ئاو، کارەبا و گاز، هەروەها کرێ، مووچە و بیمەی کرێکارانی نانەواخانەکانیش ساڵ دوای ساڵ زیاتر بووە.
 
نەورۆز عەزیزی سەبارەت بە کێشەی پچڕانی کارەبا لە چەند مانگی رابردوودا و کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی کوالێتی نان گوتی، "ئەم ساڵ پچڕانی کارەبا لەسەر نانەواخانەکان زیاتر بووە لە ساڵی رابردوو و ئەوەش زیانێکی زۆری بە نانەواخانەکان گەیاندووە".
 
نەورۆز عەزیزی گوتیشی، لەژێر رۆشنایی بڕیاری زیادکردنی نرخی نان، خشتەیەکی نوێی نرخ ئامادە کراوە و دراوەتە نانەواخانەکان.
 
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای نانەواخانەکانی کرماشان، ئێستا نرخی نانی لەواش لە نانەواخانە حکومییەکانی پارێزگای کرماشان لە 300 تمەنەوە بووەتە 400 تمەن (سەنتێک)، نرخی یەک دانە نانی سەنگەکی ئاساییش لە 1000 تمەنەوە بۆ 1500 تمەن (3 سەنت) بەرز بووەتەوە.
 
نەورۆز عەزیزی گوتی، نرخی نانی بەربەریی ئاسایی لە 700 تمەنەوە بووەتە 1000 تمەن و نانی ساجیش لە 1000 تمەنەوە بووەتە 1600 تمەن؛ هەروەها ئێستا نرخی نانی تافتانیش لە 400 تمەنەوە بۆ 600 تمەن بەرز بووەتەوە. 
 
لە چەند هەفتەی رابردوو نرخی نان لە 10 پارێزگای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەنێوان 25% تاوەکو 35% زیادکراوە، لەوانەش لە دوو پارێزگای لوڕستان و سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدایە.
 
لە لایەکی دیکەوە، حوسێن یەزدجێردی، سەرۆکی ناوەندی پیشەسازیی ئاردی ئێران دەڵێت، گرانکردنی نرخی نان بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکانی نانەواخانەکانەوەیە، چونکە تێچووی ئاو، کارەبا و گاز، هەروەها کرێ، مووچە و بیمەی کرێکارانی نانەواخانەکان زیاتر بووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دووکانێکی سەوزە و میوە لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

سەوزە و میوەی خۆماڵی گەیشتە عەلوەکانی هەرێمی کوردستان

بەرهەمی سەوزە و میوەی ئەم وەرزە کەوتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە. بەرپرسێکی عەلوە دەڵێت، زۆرینەی ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی پێگەییون هاوردەکردنیان قەدەخە کراوە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دهۆکێش دەڵێت، بەرهەمیان پێگەیوە و بەشێکی هەناردە دەکەن.