رووداو دیجیتاڵ
دوای چاکسازی لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر کە گەورەترین پڕۆژەی ئاوە لە شارەکەدا، بەرهەمهێنانی ئاو لە 24 کاژێردا 30 هەزار مەتر سێجا زیادیکرد.
هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە 24 کاژێری رابردوودا 213 هەزار مەتر سێجا ئاومان رەوانەی ماڵان کردووە، ئەوەش 30 هەزار مەتر سێجا زیاترە لە رابردوو".
05ـی ئەم مانگە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی شکانی بۆری و چاکسازیکردن لە هێڵەکە، بۆ 34 کاژێر دابەشکردنی ئاو رادەگیرێت و گوتی، "پڕۆژەی چاککردنەوە و کارپێکردنی وێستگەیەکی دیکەی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز 3 بە توانای 500 مەتر سێجا ئاو لە کاژێرێكدا دەکەوێتەکار".
هیوا عەبدولڕەزاق دەڵێت، زیادکردنی بەرهەمهێنانی ئاو لە پڕۆژەکە بەهۆی ئەو چاکسازییەوە بووە لە ئیفراز سێدا کراوە.
هەفتەی رابردوو بەهۆی راوەستانی کارکردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، بەشێکی هەولێر بێ ئاو بوو و بەو هۆیەوە نرخی ئاوی خاوێن بە تانکەر بەرزبووەوە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستێت.
هەولێر 3 پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە؛ ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ