رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی داڵاهۆ و گیەڵان لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتەوە و تائێستا کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە.
بەپێی زانیارەکانی رووداو، لە دوێنێ پێنجشەممەوە ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی ناوچەی رێژاو، یاران، بان کاو و سینە تەت لە قەزای داڵاهۆ کەوتووەتەوە.
ژمارەیەک لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و ژینگەپارێزان گەیشتوونەتە شوێنی ئاگرەکە و هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.
ئەنجوومەنی سەوزی داڵاهۆ رایگەیاندووە، ئاگرەکە رووبەرێکی فراوانی دارستانەکانی ناوچەکەی گرتووەتەوە و بەرەو ناوچەکانی دیکە تەشەنە دەکات و داوای هاوکاری و بەهاناوەهاتنی خەڵکی خۆجێی و ژینگەپارێزان دەکات.
هەروەها دوو رۆژە لە دارستانەکانی کەچەل لە شاری گیەڵانیش ئاگر کەوتووەتەوە و هەوڵەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە تائێستا بێ ئەنجام بوون.
عەلیڕەزا نەزەری، قایمقامی گیەڵان رایگەیاندووە، ئاگر لە سێ ناوچەی دارستانەکە کەوتووەتەوە و رووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە، بەڵام 20 تیمی جیاواز لە ئاگرکوژینەوە، کۆنترۆڵی قەیران، ژینگەپارێزان و خەڵکی خۆجێی لە ناوچەکە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ