رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سیدەکان دەڵێت، لە ساڵی 2017ـوە بەهۆی جموجۆڵی پەکەکە، نزیکەی 46٪ـی رووبەری قەزاکە کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا. دەشڵێت: ''ئێستا بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ناوچەکەوە هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.''
چەند رۆژێکە بە پاساوی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بۆردوومان و هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بووە. لە دوو شەوی رابردوودا چەند جارێک ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان لە رێگەی درۆن و فڕۆکەوە بۆردوومان کراون.
ئەمڕۆ هەینی، 12-07-2024، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئەو لەشکرکێشییانەی تورکیا هەر وەکو رابردوو ماوەتەوە، بەڵام لە هەندێک کاتدا هێزەکانیان زیاد یان کەم دەکەن و لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە دەگوازرێنەوە.''
ئیحسان چەلەبی گوتی، ئێستا سوپای تورکیا نزیکەی 10 خاڵی سەربازی لە سنووری قەزای سیدەکان داناوە و لە مانگی رابردووەوە ناوەناوە سنوورەکە تۆپباران و بۆردوومان دەکەن.
قایمقامی قەزای سیدەکان گوتی: ''20 گوندی سنوورەکە بەهۆی ئەوەی لە خاڵە سەربازییەکانی تورکیا نزیکن، مەترسییان لەسەرە؛ بە جۆرێک کە لە سەرووی هەندێک لە گوندەکانەوە، بە دووریی کەمتر لە یەک کیلۆمەتر خاڵی سەربازی داندراوە.''
چیای شەکیو لە سنوورەکە، یەکێک لەو شوێنانەیە کە پێشتر سوپای تورکیا خاڵی سەربازی لێ دانابوو، بەڵام ساڵێک لەمەوپێش چۆڵیان کرد. بەگوتەی قایمقامی سیدەکان، ''لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، سوپای تورکیا دووبارە هەندێک لە هێزەکانی خۆی لەو شوێنە جێگیر کردووەتەوە، بەڵام نازانرێت لەوێ دەمێننەوە یان چۆڵی دەکەن.''
بەگوتەی ئیحسان چەلەبی، سوپای تورکیا بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لە سنووری سیدەکانەوە هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت: ''سەرجەم ئەو شوێنانەی گومانیان لێ لێدەکرێت پەکەکەی لێبێت یان توونێلی پەکەکەی تێدا بێت، بۆردوومان دەکرێن.''
ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بۆ بژێویی ژیانیان و بەهۆی کاری مەڕداری، هەنگەوانی و کشتوکاڵەوە ناچارن بچنە ئەو شوێنانەی کە مەترسیی بۆردوومانیان لەسەرە. قایمقامی قەزای سیدەکان دەڵێت: ''نزیکەی مانگێکە پسووڵەی رێگەپێدانمان داوەتە ئەو هاونیشتمانییانەی هاتووچۆ دەکەن، تاوەکو ئێستاش هیچ بڕیارێکی فەرمیمان پێ نەگەیشتووە کە دەبێ هاونیشتمانییانی ئێمە ناوچەکانی خۆیان چۆڵ بکەن یان نا.''
ئێحسان چەلەبی لەبارەی دۆخی ئەمنیی سنوورەکە ئەوەشی خستەڕوو، بە شێوەیەکی گشتی ئەم ساڵ بەراورد بە شەش ساڵی رابردوو دۆخی ئەمنی تاڕادەیەک باشتر بووە: ''چونکە پێکدادان، بۆردوومان و تۆپبارانەکان کەمتر بوونەتەوە.''
وەک قایمامی قەزای سیدەکان ئاماژەی پێدا، دۆخی ئەمنیی سنوورەکە دەگەڕێتەوە سەر جموجۆڵی پەکەکە لە ناوچەکە، ''ئەگەر ئەوان جموجۆڵیان زیاتر بێت، هێرش بکەنە سەر خاڵە سەربازییەکانی تورکیا، بەرپەرچدانەوەکانی تورکیاش چڕتر دەبێتەوە''.
ئیحسان چەلەبی دەڵێت، سوپای تورکیا بە رەزامەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەهاتووەتە نێو سنوورەکان، ''بۆیە وەکو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئیدارەی قەزاکە، هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆمان بە سوپای تورکیاوە نییە، پەکەکە پەلکێشی کردوون بۆ ئەوەی ئەم ناوچانە بگرن و خاڵی سەربازی تێدا دابنێن''.
بەپێی ئەو ئامارەی قایمقامی قەزای سیدەکان خستییەڕوو، لە ساڵی 2017ـوە، لە کۆی گشتیی رووبەری ئەو قەزایە کە هەزار و 617 کیلۆمەترە، نزیکەی 46٪ـی لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیادایە و تاوەکو ئێستاش وەکو خۆی ماوەتەوە.
ئێحسان چەلەبی دەڵێت، لە دوای 2017ـوە، سوپای تورکیا بە درێژایی زیاتر لە 50 کیلۆمەتر، زیاتر لە 10 خاڵی سەربازی لە ناوچەکە داناوە: ''بەڵام هەر پێکدادانێک لە ناوچەکە دروست ببێت، ئەوە مەترسیی لەسەر ژیانی گوندنشینانی ئێمە دروست دەکات''.
لە دوو هەفتەی رابردوودا شەڕ و پێکدادانی قورس لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە روویداوە.
رۆژی چوارشەممە، 10-07-2024 ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و هێرشەکانی تورکیای لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتکردەوە و رایگەیاند، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ