لە پاڵاوگەیەکی هەولێر ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە

12-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر رێگەی هەولێر-گوێر، ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەیەک کەوتووەتەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، کۆگەیەکی قیرە و زیاتر لە 10 تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
 
ئاگرەکە نزیک کاژێر 20:30 ـی ئەمشەو (چوارشەممە، 12-06-2024) دروستبووە، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کۆنترۆڵ بکرێت. 
 
هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە دەڵێت، ''نزیکەی 10 تیمی بەرگریی شارستانی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە هاتوون، دووكەڵ بە درێژایی سەدان مەتر بە ئاسماندا دەچێت و ناوچەکەی تەنیوە.''
 
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئەو کۆگەیەی لە پاڵاوگەکەدا گڕی گرتووە، کۆگەی قیری شلە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کۆنترۆڵکردنی کاتێکی زۆر بخایێنێ و تاوەکو سەرجەم سووتەمەنییەکە نەسووتێت، کوژانەوەی ئەستەم بێت.
 
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، جیا لە پاڵاوگەکە، دەیان پاڵاوگە و کۆگەی دیکەی سووتەمەنی لە ناوچەکەدا هەن و لە ئەگەری کۆنترۆڵنەکردنی ئاگرەکە، مەترسییان لەسەر دەبێت.

 

 
هاوکات ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگر بۆ گواستنەوە و بەتاڵكردنی سووتەمەنی لە ناوچەکەن، وەک هۆرڤان رەفعەت گوتی، ''پێدەچێت لە کاتی بەتاڵکردنی سووتەمەنیی یەکێک لە تانکەرەکان، ئاگرەکە کەوتبێتەوە.''
 
تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە شێوەی بازنەیی، لە هەر چوار دەوری کۆگەکە سەرقاڵی کوژاندنەوەن، هەوڵی نزیککردنەوەی زیاتری ئۆتۆمبێلەکانیان دەدەن، بۆ ئەوەی ئاوپڕژێنی ئاگرکوژێنەوەکان، کاریگەریی زیاتریان لەسەر لاوازکردنی ئاگرەکە هەبێت.
 
شایەتحاڵێک کە خۆی لە یەکێک لە کۆگەکانی ناوچەکە کار دەکات، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''لە ژوورەوە دانیشتوبووین، دەنگێکی زۆر بەهێز هات، کە هاتینەدەرەوە، بینیمان ئەم کارگەیەی پشت ئێمە گڕی گرتووە، سێ یان چوار جار دەنگی تەقینەوەی بەهێز هات.''

 

 
وەک  شایەتحاڵەکە دەڵێت، کاتی ئاگرکەتنەوەکە، چەند بارهەڵگرێک لە نێو پاڵاوگەکەدا بوون، شۆفێرەکانیان ناچار بوون تانکەرەکان کە سووتەمەنیان تێدا بوو، جێبهێڵن و تەنیا ئۆتۆمبێلەکانیان و گیانی خۆیان رزگار بکەن.''
 
ئەم پاڵاوگەیە دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی پاڵاوگە و کۆگای زۆر لە ناوچەکەدا هەن، کارمەند، کرێکار و خەڵکێکی زۆری لێ دەبینرێت و لە ئەگەری تەشەنەسندنی زیاتری ئاگرەکە، مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
 
تاوەکو ئێستا رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەوە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە