کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕی داعش و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کۆبوونەوە و بڕیارە ژمارەیەک کۆبوونەوە و دیداری دیکەش لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپیش بکەن.
شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن رۆژی دووشەممە 12-06-2023 لەگەڵ سلێست واڵندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا و دەینا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە باڵەخانەی پێنتاگۆن کۆبوونەوە.
بەیان سامی عەبدولرەحمان بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی داعش کرا.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان دواتر لەگەڵ ئاندرو پلیت، یاریدەدەری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی پەرەپێدانی ئەمریکا - USAID کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە هاوکارییەکان و پڕۆژەکانی USAID لە هەرێمی کوردستان کرد.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نێویاندا یوزرا زیا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی و ئاسایشی مەدەنی کۆببنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ