رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەست بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گیرا. فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری پارێزگاکە دەڵێت، "قاچاخچییەکان هەڵاتوون و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە."
محەممەد ئەحمەدی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، شەوی شەممە 11-05-2024 لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سنوور و بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر، دەستیان بەسەر 33 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە.
محەممەد ئەحمەدی بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوی سنوورەکە و هیچ وڵاتێکی دراوسێ بکات گوتی، "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر لە یەکێک لە سنوورەکان دەپەڕێندرێتەوە، سەرجەم رێگەکانمان خستنە ژێر چاودێرییەوە و توانرا بە سەرکەوتوویی دەست بەسەر مادەکەدا بگیرێت."
بە گوتەی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری پارێزگاکە، قاچاخچییەکان دوای جێهێشتنی مادە هۆشبەرەکە، دەستبەجێ لە تاریکی شەو و دارستاندا خۆیان شاردووەتەوە و دەرباز بوونە، بەڵام گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
رۆژی 4ی ئاداری 2024، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاندبوو، لە 11 مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکە، دەست بەسەر چوار تۆن و 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە، 297 قاچاخچیش دەستگیرکراون و 61 باندی قاچاخ و ترانزێتی مادەی هۆشبەر لەنێوبراون.
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ