ژینگەی راپەڕین: چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینین بۆ زانینی هۆکاری لەنێوچوونی نەورەسەکان

12-05-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی دارستانی ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، بۆ زانینی هۆکاری مرداربوونی نەورەسەکانی زێی بچووک، چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکانن لە هەولێر. وەزارەتی تەندروستیش بۆ زانینی هۆکارەکە لیژنەیەکی پێکهێنا.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەیەکی زۆر لە نەورەسەکانی زێی بچووک لە ئیدارەی راپەڕین و بەنداوی دووکان لەنێوچوون و بەشێکیشیان نەخۆش کەوتوون، تاوەکو ئەمڕۆ یەكشەممە، 12ـی ئایاری 2024، هۆکاری لەنێوچوونی ئەو نەورەسانە ئاشکرا نەکراون.
 
عەقید خەسرەو زەنگڵ، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ ئەوەی بزانین هۆکاری لەنێوچونیان چییە، پشکنین بۆ نەورەسەکان کراوە و نێردراوە بۆ هەولێر و چاوەڕوانی ئەنجامەکەیین".
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەیەکی پسپۆڕ سەردانی دەڤەری راپەرین دەکات و بە دواداچوونی زانستیی بۆ زانینی هۆکاری لەنێوچوونی باڵندە نەورەسەکان دەکەن.
 
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین گوتی، ئەوانیش چاوەڕوانن لیژنەکەی وەزارەتی تەندروستین بگاتە لایان و بە هاوئاهەنگی یەکدی کار بۆ زانینی هۆکاری لەنێوچوونی ئەو باڵندە کێویانە بکەن.
 
هەرچەندە تاوەکو ئەمڕۆ هۆکاری روونی لەنێوچوونی نەورەسەکان ئاشکرا نەبووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی بەهۆی ڤایرۆسەوەیە کە ئەویش لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا تووشی نەورەسەکان بووە.
 
ئەو نەورەسانەی لەنێوچوون ژمارەیان دیار نییە. عەقید خەسرەو دەڵێت: "ژمارەیان نازانین، بەڵام دەتوانین بڵێی هەزاران باڵندەی نەورەس لەنێوچوون".
 
پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین داوا لە هاووڵاتیان و رۆژنامەڤانان دەکات، بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان لە ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ، نزیکی ئەو دوورگانە نەبنەوە، کە نەورەسەکانی تێدان. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە