رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پارێزگای نەینەوایە و بڕیارە سەردانی قەزای شنگال بکات. پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "داوامان لە محەممەد شیاع سوودانی کرد رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
رۆژی هەینی، 12-05-2023، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "پەرلەمانتارانی پارێزگای نەینەوا کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و لەبارەی کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە پارێزگاکە گفتوگۆمان لەگەڵ کرد".
شێروان دووبەردانی دەڵێت، "لەو کۆبوونەوەیەدا داوامان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد رێککەوتنی شنگال بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان".
لە تشرینی یەکەمی 2020دا و لە پێناوی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەکان و رێکخستنی چوارچێوەی کارگێڕی و ئەمنیی شارەکە، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵیک رێککەوتن، بەڵام لەو کاتەوە رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 12-5-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەتەکەی گەیشتە شاری موسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا. سوودانی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری کردەوە و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەیشی دانا، لەوانە بەردی بناخەی هۆتێلی موسڵ و نەخۆشخانەی گشتی ئیبن سینا.
سەبارەت بە سەردانی سوودانی بۆ قەزای شنگال، رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و پرسی خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە و پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان و لایەنی ئەمنی و چەند پرسێکی دیکە سەردانی شنگال بکات."
موسڵ لە 10ـی حوزەیرانی ساڵی 2014 کەوتە دەستی چەکدارانی داعش و دواتر کرایە سەنتەر و پایتەختی ئەو خەلافەتەی داعش بۆ خۆی راگەیاندبوو و لە ئابی هەمان ساڵیشدا داعش هێرشیکردە سەر شنگال.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ