دڵشاد شەهاب: کۆمیسیۆن دەتوانێت بە پێنج مانگیش ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواو بکات

12-05-2023
پەیمان محەممەد
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا. دەشڵێت، ئەگەر لایەنەکان تاوەکو 18ی ئەم مانگەش نەگەنە رێککەوتن، مانای ئەوە نییە هەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە کۆمیسیۆن دەتوانێت بە پێنج مانگیش ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواو بکات.
 
رۆژی هەینی 12-05-2023 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە دووەم رۆژی چالاکییەکانی یادگەی نیشتمانیی بارزانی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە، لە پرۆسەی سیاسی و چارەسەری گرفتەکان."
 
رۆژی پێنجشەممە 11-05-2023 سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت، بۆ ئەوەی دڵسۆزانە، بەرپرسیارانە و کوردستانییانە باسی هەموو گیروگرفتەکان بکرێت و چارەسەریان بکەن."
 
سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، پێش ئەم کۆبوونەوە بەرفراوانە، پێویستە مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بۆیە ''داوا لە مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەکەم، دابنیشن و ئەم تەمومژە نەهێڵن، هەروەها زەمینەسازی بۆ کۆبوونەوە بەرفراوانەکە بکەن."
 
دڵشاد شەهاب دەڵێت، وەلانانی ناکۆکییەکان داواکاریی سەرجەم خەڵکی کوردستانە، ''چونکە هەموومان هەست دەکەین کە لە کاتێکی ئاوادا چەندە پێویستە ئەم خۆڕێکخستنەوەیە هەبێت.''
 
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پشتگیری لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و دەڵێت، "هەموو ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆک رادەگەیێنین." هەروەها ئامادەییشیان دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان "بەبێ جیاوازی."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی گوتی، کاتێک دیاری کراوە و دەبێت پێش 18ی مانگ دەست بەو کۆبوونەوانە بکرێت، بێگومان ئەرکی هەموومانە، بەتایبەتی پارتی کە جێبەجێی بکەین.
 
دڵشاد شەهاب باسی لەوەش کرد، کاتی ئەوە نەماوە چەندین کۆبوونەوە بکرێت و دەبێت یەک کۆبوونەوەی سەرکەوتووی بەرهەمدار بەڕێوەبچێت و هەوڵ بدرێت بیروبۆچوونەکان لەیەک نزیک بکرێنەوە.
 
رۆژی 26-03-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 18-11-2023ی وەکو رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریکرد، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، شەش مانگی بۆ ئامادەسازیی هەڵبژاردن پێویستە.
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەگەر کۆمیسیۆن پێنج مانگیشی لەبەر دەست بێت، هەر دەتوانێت ئامادەسازی بکات، ''چونکە هیچ رێگرییەکی یاسایی لەبەردەمدا نییە، ئەوان دەڵێن شەش مانگمان پێویستە بۆ راییکردنی کارەکان، بەڵام ئەگەر پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکرێت، کارەکان بە ئاسانی بەڕێوەدەچن.''
 
دڵشاد شەهاب دڵنیایی دەدات، ئەگەر بۆ 18ی ئەم مانگەش دەست بە هەنگاوەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەکرا، "ئەوە مانای ئەوە نییە کە هەرێمی کوردستان ناتوانێت هەڵبژاردن بکات و بە مانای ئەوەش نییە کە دەبێت هەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە کارێکی ئاساییە کۆمیسیۆن لە پێنج مانگیشدا هەنگاو بنێت و کارەکانی خۆی بکات.''
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە لە 18ی مانگی 11 هەڵبژاردن بکرێت ''بۆیە ئێستا لەبری ئەوەی بیر لە دواخستنی بکەینەوە، هەوڵدەدەین کە پێداویستییەکانی کۆمیسیۆن دابین بکەین و ئەو کاتە کەم بکەینەوە کە لەبەردەستێتی، بێگومان کۆمیسیۆنیش هاریکار دەبێت بۆ ئەم مەسەلەیە.''
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە