كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكان: لە جەژندا 50 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە

12-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكان دەڵێت، لە دوو رۆژی جەژندا، زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانییان کردووە، دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت بەگشتی 200 هەزار گەشتیار روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.
 
رۆژی هەینی، 12-04-2024، عەتا ئەنوەر، سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 09:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخزر پێشکێشی کرد رایگەیاند: ''لە دوو رۆژی جەژندا زیاتر لە 50 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانییان کردووە.''
 
عەتا ئەنوەر پێشبینی دەکات بەگشتی لە رۆژانی جەژندا لانیکەم 200 هەزار گەشتیار روو بکەنە شارەکانی هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، گەشتیارێکی زۆر سەردانی پارێزگای هەولێر و دهۆکیان کردووە.
 
بەگوتەی سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان زۆربەی گەشتیاران لە باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە هاتوون و ژمارەیەک گەشتیاریش لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، هەروەها لە باکووری کوردستان و تورکیا سەردانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
لە رۆژانی جەژندا شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە هەرێمی کوردستانی گرتەوە، وەک عەتا ئەنوەر گوتی: ''ئەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر هاتنی گەشتیاران نەبووە و ئێستا گەشتی نێوخۆییش لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستاندا دروستبووە.''
 
سەرۆكی لقی سلێمانیی ‏‏كۆمەڵەی كۆمپانیا ‏گەشتیارییەكانی ‏هەرێمی ‏‏‏‏كوردستان ئاماژەی دا، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی لیژنەیەکی پشکنینی پێکهێناوە کە لە سێ رۆژی جەژندا سەردانی هۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانتەکان دەکەن و رێگە بە بەرزبوونەوەی نرخەکان نادەن.
 
هاوکات، چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوو رۆژی جەژندا زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجەیان کردووە، دەشڵێت: ''دڵنیام ئەمڕۆ ژمارەی سەردانیکردنی گەشتیاران بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو زۆر زیاتر دەبێت، لەبەر ئەوەی کەشوهەوا خۆشترە.''
 
هەروەها فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، لە دوو رۆژی جەژندا نزیکەی 30 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی ئیدارەکەیان کردووە و، پێشبینیش دەکات ئەمڕۆ و سبەی، ژمارەکە بگاتە دوو ئەوەندە.
 
فەیسەڵ سادق گوتی، گەشتیاران بیانی، نێوخۆیی و هاووڵاتییانی نێوەڕاست و باشووری عێراقن و دەشڵێت: ''لەم دوو یان سێ رۆژەدا، نزیکەی پێنج هەزار گەشتیار لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران ئاماژەی بەوەدا، بۆ پاراستنی ژینگەی سۆران، بەردەوام سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن و کۆمپانیای کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکیشیان راسپاردووە بۆ ئەوەی بەشێوەی 24 کاژێری چاودێریی ناوچە گەشتیارییەکان بکەن و بە تەواوی پاشماوەی سەردانیکاران کۆبکەنەوە.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار و 500 شوێن بە ناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ هاوکات زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکاری وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمارکراون.
 
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە