کوردستان
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەگوێرەی بڕیارەکە ئەو کەسانە دەنێردرێنەوە کە ڤیزەیان وەرگرتووە و کاتی ڤیزەکەیان تەواو بووە.
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت، "بە زۆر" لە هەرێمی کوردستانەوە نێردراوەتەوە. بەرپرسێکیش لە نشینگە دەڵێت، "هیچ کەس" نانێردرێتەوە، ئەوانە نەبن کێشەی یاسایی، کارگێڕی، ئەمنی یان تەندروستییان هەیە.
ئەمڕۆ هەینی، هاونیشتمانییەک بە ناوی محەممەد کەمال حوسێن، خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە شاری هەولێر مافی مانەوەی هەبووە، بەڵام ناردوویانەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، کارێکی جێگیری نەبووە و زیاتر لە شەقامەکان کاری کردووە.
هەر لەو بارەوە بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند بڕیارێک هەن حکومەت دەریکردوون و هەموومان پێیانەوە پابەندین. بەدەر لەو بڕیارانە هیچ کەسێکی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا ناگەڕێندرێتەوە، ئەگەر هۆکارێکی نەبێت".
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەگوێرەی بڕیارەکە ئەو کەسانە دەنێردرێنەوە کە ڤیزەیان وەرگرتووە و کاتی ڤیزەکەیان تەواو بووە.
لەبارەی ئەوانەی مافی مانەوە (ئیقامە)یان هەیە، ئەو بەرپرسە گوتی، "کەسێک کێشەی ئەمنی و تەندروستی نەبێت بە دڵنیاییەوە نانێردرێتەوە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "کەسانێکیش هەن خەڵکی سووریا یان رۆژئاوای کوردستانن و لە جێگەیەک کاردەکەن بە پشتیوانی ئەو جێگەیە مافی مانەوەیان پێدراوە، بەڵام ئێستا لە کارەکە دەرکراون و پشتگیریشیان ناکەن بۆ نوێکردنەوەی مافی مانەوەکە. ئەو کەسانە دەنێردرێنەوە".
4ـی ئەم مانگە، وەزارەتی ناوخۆ لە نووسراوێکدا رایگەیاند، لەمەودوا ڤیزە نادەنە هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیانی سووریا.
لە بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، بڕیاردرا بە "راگرتنی پێدانی ڤیزە بە هەڵگرانی پاسپۆرت و تراڤڵ دۆکیۆمێنتی سووری لە 29-03-2024ـەوە، جگە لەوانەی هەڵگری نشینگەی وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و ئەورووپان و لەو وڵاتانەوە تەنیا بە مەبەستی گەشتوگوزار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە ناتوانن ڤیزەکانیان بگۆڕن بۆ نشینگە و بەر لە تەواوبوونی ماوەکەی دەبێت خاکی هەرێمی کوردستان بەجێبێڵن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ