لە مهاباد هاونیشتمانییەک دەستگیرکرا

12-04-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شاری مهابادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.
 
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لە چەند رۆژی رابردوودا هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری مهابادی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی سامان ئۆوەیسی، تەمەن 21 ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستگیرکراوە.
 
بەپێی زایارییەکان، سامان لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شارەکە تەلەفۆنی بۆ کراوە و بانگکراوە، دواتر دەستبەجێ دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە.
 
تائێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی سامان ئۆوەیسی روون نییە و تۆمەتەکانی دیار نین، هەروەها هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی راگرتن و تەندروستیی ئەو هاونیشتمانییە بەردەست نییە.
 
دەستگیرکردنی سامان لەکاتێکدایە هەفتەی رابردووش حەوت هاونیشتمانیی خەڵکی شاری شنۆی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی شوانە بابەکری، شەفیع بابەکری، شاهین ئیبراهیمی، ساڵح سەخاوەت، سۆران بەنگینی، شەهرام ئیبراهیمی و هیوا شەریفی، کە پێشتر سزای بەندکردنیان بۆ دەرکرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە دەستگیرکران.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە