رووداو دیجیتاڵ
بارانی بەخوڕ کە لافاوی بەدوادا هات، زۆرترین زیانی بە سنووری پارێزگای دهۆک گەیاند، بە تایبەتی لە سنووری قەزاکانی بەردەڕەش، ئاکرێ و ئامێدی. لافاو لەو ناوچانە زیانی بە 234 خانوو، دووكان، مزگه‌وت و فەرمانگە گه‌یاندووە، هەروەها 500 كه‌پرى گه‌شتیارى زیانیان به‌ركه‌وتووه.
شه‌عبان به‌روارى، قایمقامى قه‌زای ئاكرێ به رووداو راگه‌یاند، له سنوورى قەزاکەیان لافاو زیانی به نزیكه‌ى 100 خانوو، مزگەوت و کەپری گه‌شتیارى گەیاندووە. سه‌رجه‌م كه‌پر و دووکانەکانی هەردوو هاوینەهەواری گه‌لى زەنتە و سیپه زیانیان به‌ركه‌وتووه.
هەروەها وارشین سه‌لمان، قایمقامى قه‌زاى ئامێدى به رووداو راگه‌یاند، له سنوورى قه‌زاى ئامێدى زیان به 28 خانوو و سێ ئۆتۆمبێل گەیشتووە و سه‌رجه‌م كه‌پره‌كانی هه‌ر سێ سه‌یرانگەی گه‌لى شێرانه، سیلاڤ و گه‌لى گه‌ره‌گور زیانیان بەركه‌وتووه، جگه له‌وه سێ ئاشى ته‌حین و ژماره‌یه‌ك رێگەوبانى قه‌زاكە زیانیان به‌ركه‌وتووه.
لافاو لە قەزای بەردەڕەشیش زیانی مادی لێکەوتەوە. ئیسماعیل مسته‌فا، قایمقامى قه‌زاى به‌ردەڕه‌ش به رووداوی گوت، له سنوورى قەزاکە ئاو چووه‌تە نێو چەندین ماڵ و 20 ستوونى كاره‌باش کەوتوون.
عه‌قید عوسمان حه‌مه عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى بنكه‌ی پۆلیسى به‌رگریى شارستانى به‌ردەڕه‌ش به رووداو راگه‌یاند، تاوەکو ئێستا ئاو چووەتە نێو نزیەکەی 100 ماڵ و زیانی ماددی زۆر بە خەڵک کەوتووە.
هەروەها بێوار عه‌بدولعه‌زیز، گوته‌بێژى پۆلیسى به‌رگریى شارستانیى دهۆك به رووداوی راگه‌یاند، له سنوورى قه‌زاى ناوەندی دهۆكیش زیان به‌ر شه‌ش خانوو كه‌وتووه.
زیانه‌كانی لافاو به‌پێی قه‌زاكان:
قه‌زای ئاكرێ:
- 100 خانوو، دووكان، مزگه‌وت و شوێنى گه‌شتیارى
- 150 كه‌پری سه‌یرانگەى گه‌لى زه‌نتە و سیپه
- ژماره‌یه‌ك رێگەوبان و پڕۆژه
قه‌زای به‌رده‌ره‌ش:
- 100 خانوو
- 20 ستوونى كاره‌با
- یه‌ك ئۆتۆمبێل
قه‌زاى ئامێدى:
- 28 خانوو
- 4 ئۆتۆمبێل
- 350 كه‌پری سێ سەیرانگە
قه‌زای ناوەندیی دهۆك:
6 خانوو
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ