رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یەكشەممەی رابردوو بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو تایبەت بوو بە کێشەی نەبوونی دەرمان لە سنووری سلێمانی، ئەمڕۆ یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان، بابەتی تەندروستی و دابینیکردنی دەرمان و پێداویستییەکانی تەندروستی دەبێت. هەر ئەمڕۆ تەندروستیی سلێمانی لەسەر هەمان بابەت کۆدەبێتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی نیسانی 2023 بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەدەچێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، چەند بابەتێک لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، لەنێویدا "پاراستنی هاووڵاتییان و دامودەزگا خزمەتگوزارییە حکومییەکان لە رێگەی بەدوورگرتنی هەرێمی کوردستان لە راکێشانی کێشە ناوچەیی و دەرەکییەکان بۆ نێو هەرێمی کوردستان. هەروەها دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە مەبەستی دیاریکردنی کێشە و چارەسەرەکان."
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەسەر کێشەکانی کەمی و نەبوونی دەرمان لە سنوورەکە کۆدەبێتەوە.
گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانی دەرمان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و تەندروستیی سلێمانی دوای ئەوە دێت کە 9ـی ئەم مانگە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر دۆخی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی بوو و تێیدا كەمیی دەرمان و پێداویستی دیکەی پزیشكی کە بووەتە كێشەیەكی بەردەوامی سلێمانی و کۆمپانیاکان هۆشداری ئەوەیان داوە کە چی دیکە توانای دابینکردنی دەرمانیان بۆ تەندروستیی سلێمانی نەماوە، گفتوگۆی لەسەر کرا.
لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا، دکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتی، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تاوەکو 15 رۆژی دیکە هیچ پێداویستییەکیان بۆ قەستەرە و زۆربەی نەشتەرگەرییەکان نامێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ