رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەفتەیە پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکانی کۆمپانیای HD BOX لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک راگیراوە. پارێزەری کۆمپانیاکە دەڵێت، لە 26ـی شوباتەوە بە "کۆمەڵێک بیانووی نایاسایی" پەخشی کۆمپانیاکەیان راگیراوە. بەڕێوەبەری راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیریش دەڵێت: "گرفتەکە بەهۆی ئەوەبووە کە فریکوێنسی کۆمپانیاکە لەگەڵ فریکوێنسی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس تێکەڵ بووە."
دڵشاد ئەبوبەکر، پارێزەری کۆمپانیای HD BOX بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئیدارەی سلێمانی رۆژی 26-2-2023 پەخشی کۆمپانیاکەمانی راگرتووە بە بیانووی بوونی کەموکوڕی لە مۆڵەت، بەڵام کە سەردانی وەزارەتی رۆشنبیریمان کرد هیچ کێشە لە مۆڵەتەکەمان نەبووە و دواتر گوتیان: سکاڵایەکتان لەسەرە، بەڵام لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە رایگەیاند کە هیچ سکاڵایەکمان لەسەر نییە."
بەگوتەی دڵشاد ئەبوبەکر، ئیدارەی سلێمانی بە "ئەنقەست" پەخشی کۆمپانیاکەیانی راگرتووە و بابەتەکەیان بە "سیاسی" کردووە. دەشڵێت، بەڵێنیان پێدابوون رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەخشی کۆمپانیاکەیان بگەڕێننەوە، بەڵام پابەند نەبوون، بۆیە دەڵێت: "ئەگەر لەم چەند رۆژە پەخشەکەیان نەگەڕێتەوە ئەوا هەموو راستییەکان بۆ بەشداربووان و رای گشتی دەیخەنەڕوو."
پارێزەری ئەو کۆمپانیایە باس لەوە دەکات کە چەند کۆمپانیایەکی بێ مۆڵەت لە سلێمانی کاردەکەن و پەخشیان هەیە، "بەڵام کۆمپانیاکەی ئێمە هیچ گرفتێکی یاسایی نییە و پەخشەکەشمان زۆرباشە و زۆر فراوانبووە و ژمارەی بەشداربووانمان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین نزیکەی 100 هەزاری تێپەڕاندووە، بۆیە کۆمەڵێک کێشەیان بۆ دروستکردووین."
لەبارەی هەڵوێستی وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر کێشەکە، دڵشاد ئەبوبەکر گوتی: "لەو رۆژەوەی پەخشمان وەستاوە وەزیری رۆشنبیری تائێستاش راستەوخۆ لەگەڵمان لەسەر هێڵە. لە دوایین کۆبوونەوەمان لەگەڵی کە رۆژی پێنجشەممە 9-3-2023 کردمان بەڵێنی پێداین کە رۆژی یەکشەممە یان دووشەممە پەخشمان دەبێتەوە لە هەموو ئەو شوێنانەی راگیرابوو."
بەڵام شێروان عەوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی وەزارەتی ۆشنبیری قسەکانی پارێزەری کۆمپانیاکەی رەتکردەوە و گوتی، لایەنێکی دیکە سکاڵای لەسەر تۆمار کردوون.
شێروان عەوڵا بە رادیۆی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی فریکوێنسی پەخشی کۆمپانیای HD BOX تێکەڵی فریکوێنسی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس AFP بووە، فرانس پرێس لە دەستەی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق سکاڵای تۆمارکردووە، بەو هۆیەوە پەخشەکەیان راگیراوە و ئێستا لیژنەیەک پێکهێنراوە لە وەزارەتەکانی رۆشنبیری و ناوخۆ بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو گرفتە دەکەن، ئەمڕۆ یان سبەی پەخشەکەیان دەگەڕێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ