لە ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان کەسێک برازاکەی بە تاپڕ دەکوژێت

12-01-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری ئیوانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن مامییەوە بە چەکی راوکردن (تاپڕ) تەقەی لێکرا و کوژرا، فەرماندەی پۆلیسی شارەکە دەڵێت، "کێشەی ئەو مام و برازایە، خێزانی بووە."
 
رۆژی هەینی، 12-01-024، لە شاری ئیوانی سەر بە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ بە چەکی راوکردن تەقەی لێکراوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، دواتر لێکۆڵینەی پۆلیس رایگەیاند، گەنجەکە لەلایەن مامییەوە کوژراوە.
 
هادی گەندومی، فەرماندەی پۆلیسی شاری ئیوان لەوبارەوە گوتی، "تۆمەتبار خۆی رادەستکردووە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانی بە کوشتنی برازاکەی ناوە، هۆکاری رووداوەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ناکۆکیی خێزانیی نێوانیان.
 
بە گوتەی فەرماندەی پۆلیسی ئیوان، تەرمی ئەو گەنجە براوەتە دادپزیشکیی شارەکە.
 
کوژرانی ئەو گەنجە بە چەکی راوکردن لەکاتێکدایە، کە رۆژی 10-01-2024، دوو کەس لە گەڕەکی چاڵسەرای شاری ئیلام لەسەر رووداوی هاتووچۆ بووەتە دەمەقاڵەیان، دواتر یەکێکیان تەقەی کردووە. بەڵام دایک و کچێک کە ئەوکاتە بەو شوێنەدا تێپەڕیون، بەرکەوتوون و کچەکە گیانی لەدەستداوە و دایکەکەش بریندار بووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە